ھەدەپە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور كشایەوە

16 مادەی دەستوور ھەموار كراونەتەوە

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتیكی گەلان ـ ھەدەپە لە شەشەمین دانیشتنی پەرلەمانی توركیا بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور كشایەوە.

كشانەوەی ھەدەپە پاش ئەوەی ھات كە پەرلەمانتارێكی ئەو حزبە بەھۆی بەكارھێنانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لە ساڵی 2015 سزا درا و لە سێ دانیشتنی پەرلەمان بێبەشكرا.

دواتر ئاشكرا بوو سزادانی ئەو پەرلەمانتارە ئەرمەنەی ھەدەپە لە ژێر گوشاری مەھەپەدا بووە و ھەڕەشەی ئەوەی كردبوو ئەگەر پەرلەمانتار گارۆ پایلان سزا نەدرێت، ئەوا لە گفتوگۆوەكانی دەستوور دەكشێنەوە، كە پرۆژەی ھەمواركردنەوەی دەستوور بە ھاوبەشی نێوان ئاكەپە و مەھەپە ئامادە كراوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی ھەدەپە، فلیز كەرەستەجیئۆغلو لەمبارەوە رایگەیاند ھەڵوێستی دژی پایلان دژی مافی ئازادی بیروباوەرە و ئامانجیشیان لەناو بردنە.

گوتیشی رۆژانە گەلێك سووكایەتیمان پێ دەكرێت، لە كاتێكدا ئەنجامدەرانی بە ھیچ شێوەیەك سزا نادرێن و شەرمەزار ناكرێن. ھەر بۆیە ھەدەپە بڕیاری دا لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور بكشێتەوە.

پەرلەمانی توركیا تا ئێستا 17 مادەی دەستوور ھەموار كردووەتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی كە پەیوەندیان بە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار ھەیە و بە مادەكانی ھەستیار و كێشە لەسەرەكان ناسراو بوون.

JS