دێـربی باكووری بەریتانیا یان کـلاسیکۆ؟

ئه‌مڕۆ مانچێسته‌ر یونایتد و لیڤه‌رپوول ئاگر له‌ پرێمه‌رلیگ به‌رده‌ده‌ن

ئـەمڕۆ گرینگترین یاری ئەوروپا و ئینگلتەڕا بەڕێوە دەچێ لە نێوان دوو لە گەورەترین یانەکانی ئەورووپا ، کاتژمێر 7:00 بە کاتی باشووری کوردستان مــانچێستەر یونایتد لە ناو یاریگای ئۆڵدترافۆرد میوانداریی لیڤەرپوول دەکات.

 ساڵی 2015 یاری نێوان ئەو دوو یانەیە ژمارەی پێوانەیی شکاند لەڕووی زۆرترین بینەرەوە لەسەر ئاستی یانەکان کە زیاتر لە 740 ملیۆن بینەری هەبووە لەسەر ئاستی جیهان، کە ئەم ژمارەیەش ژمارەیەکی پێوانەییە و نزیکترین ژمارەی بینەر بۆ یارییەک یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 2015ـەی نێوان یۆڤێنتۆس و بارسێلۆنا بوو کە گەیشته‌ زیاتر لە 610 ملیۆن بینەر.

هەرچەندە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئاستی ئەو دو یانەیە جێگیر نەبووە، بەڵام بە هاتنی کـڵۆپ و مۆرینهۆ هەموو شتێ گۆڕاوە و هەردوو یانە ئامانجی گەورەیان بۆ ئێستا و داهاتوو هەیە، بە هاتنی پۆگبا و ئێبراهیمۆڤیچ بۆ مانچستەر یونایتد و بوونی کۆتینهۆ و هێندەرسۆن و مێڵنەر و فێرمینهۆ یارییەکە زیاتر لای بینەران سەرنجڕاکێش دەبێ.

 لە یاری یەکەمی ئەم دوو یانەیە لەم وەرزەدا لە ناو یاریگای ئانفێڵد یارییەکە بێ گۆڵ کۆتایی هات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ یارییەکی سەرنج ڕاکێش پێشکەش بکرێ، بەهۆی بەهێزی هەردوو یانە لە ئێستادا بە تایبەت کوڕەکانی مۆرینهۆ کە ڕێگایەکی ڕاستیان گرتووە و کۆتا 9 یاری ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕاوە، لە کۆتا 30 ڕووبەڕووبونەوەی نێوان ئەم دوو یانەیەدا تەنها لە 7 یاریدا یارییەکەی نێوانیان بە جیاوازی زیاتر لە گۆڵێک کۆتایی هاتووە کە ئەمەش سەلمێنەری کلاسیکۆی ڕاستەقینەی نێوان ئەم دوو یانەیەیە کە هەردوو یانە 90 خولەک ڕکابەری یەکتر دەکەن و خۆیان نادەن بە دەستەوە.

 هۆکارێکی تر کە سەلمێنەری کلاسیکۆ و یاری لوتکەی نێوان ئەم دوو یانەیەیە ئەوەیە کە هەردوو یانە لە ڕووی ژمارەی نازناوەکانیان لە ئەورووپا و لە ناوخۆدا لە یەکەوە نزیکن و هەردوو یانە خاوەن زۆرترین نازناون، لەسەر ئاستی ئینگلتەڕا مانچێستەر یونایتد خاوەن زۆرترین نازناوە و لەسەر ئاستی ئەوروپاش لیڤەرپوول ژمارەی نازناوەکانی لە تیپە سوور پۆشەکەی شاری مانچستەر یونایتد زیاترە.

ئاماده‌كردنی: هـەکاری قانع