كۆڕبەندی ئابووریی جیھان دەستپێدەكات

بەپێی خشتەی كارەكانی كۆڕبەندەكە بارزانی لە ریزی ئەو كەسانە دایە كە گوتارییان دەبێت و بەشداری لە پانێلەكانی دەكەن

K24 – ھەولێر

كۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیھان رۆژی سێشەممە 17 كانوونی دووەمی 2017 بە بەشداری رێبەرانی سیاسی و ئابووری جیھان و ناوچەیی، ئەكادیمی و پیشەسازی و میدیاكاران لە داڤۆسی سویس دەستپێدەكات.

بەپێی خشتەی كاری كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە ریزی ئەو كەسانە دایە كە گوتاری دەبێت و بەشداری لە پانێلەكانی دەكات.

كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس تا رۆژی 20 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و سەرباری تاوتوێكردنی پرسی ئابووری و رەھەندە جیاوازەكانی، پرسە سیاسییەكان و پەیوەندیی نێوان وڵاتان و كێشە جیھانییەكان دەخرێتەڕوو.

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ساڵی 1971 لە لایەن كلاوس شواب پرۆفیسۆری ئەڵمانی زانكۆی ژنێڤ دامەزرا، لە سەرەتادا ناوی "كۆڕبەندی بەڕێوەبەرایەتی ئەوروپا" بوو، ئامانجیشی كۆ كردنەوەی رێبەرانی ئابووری و سەرمایەدارانی ئەورووپا بوو، بەڵام دواتر لە ساڵی 1987 بۆ " كۆڕبەندی ئابووریی جیھان" گۆڕا و پرۆگرامەكانی بۆ پلاتفۆرمی چارەسەركردنی ناكۆكییە جیھانییەكان فراوانتر كران.

كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە ماڵپەرەكەی لەو بەشەی تایبەتە بە قسەكەرانی كۆڕبەندەكە، ناوی ئەو كەسانەی بڵاو كردووەتەوە كە لە پانێلە جیاوازەكانیدا بەشداری دەكەن.

سەرۆك ھەرێمی كوردستان لە رێزی ئەو كەسانە دایە كە بەشداری لە باسە جیاوازەكانی كۆڕبەندەكە دەكەن.

بارزانی لە پانێلی تایبەت بە عێراق و سوریا بەشداری دەكات كە لە رۆژی 20 ئەم مانگە رێك دەخرێت و ھەر یەك لە ستیفان دی میستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووكان بۆ سوریا، محەمەد شیمشەك جێگری سەرۆك وەزرانی توركیا، مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی ھیلال Crescent Petroleum و مینا ئورێبی لە رۆژنامەی "شرق الاوسط" بەشداری تێیدا دەكەن.

ھەرورھا ئاماژە بە ژیانی سیاسی و رابردووی بارزانی كردووە، لەگەڵ ئەو بەرپرسایەتییەی لە ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ماوەكانی رابردوو و ئێستا ھەیە، لەوانە ئەو رۆڵەی لە دامەزراندی بەرەی كوردستانی بۆ سەركرایەتی كردنی گەلی كورد لە راپەرینی دژی رژێمی بەعس  و بەشداریكردن لە ئەنجومەنی حوكم لە ساڵی 2004  و بە فەرمی ناساندنی ھەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق و پەرەپێدانی دیموكراسی و دامەزراندنی دامەزراوەكان لە ھەرێمی كوردستان ھەبووە.

فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، لەم سەردانەدا یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکەن.

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە كوڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس دەكات، https://www.weforum.org/people/masoud-barzani
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە كوڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس دەكات، https://www.weforum.org/people/masoud-barzani

ھەر ئەمڕۆ دووشەممە، دامەزرێنەری كۆڕبەندی ئابووریی جیھان، كلاوس شواب لە گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە شوێنی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس خشتەی كارەكانی و چەندین بابەتی پەیوەست بە كۆڕبەندەكە و رۆلی لە تاوتوێ و چارەسەركردنی كێشە ئابووری و جیھانییەكان خستەڕوو.

گرنگترین رووداوەكانی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان

لە ساڵی 1988 رێبەرانی توركیا و یۆنان "بەیاننامەی داڤۆس"یان ئێمزا كرد بۆ پێشیگرتن بە شەر.

ساڵی 1989 بۆ یەكەمجار بەرپرسانی ھەردوو كوریا لەسەر ئاستی وەزیران كۆ بوونەوە.

ھەر ئەو سال باس لە یەكگرتنی ئەڵمانیای رۆژئاوا و رۆژھەڵات كرا.

لە سالی 1994 یاسر عەرەفات رێبەری رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین و شیمۆن پرێز وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئیسرائیل بۆ یەكەمجار لەبارەی غەزە و ئەریحا Jericho رێككەوتن.

دوایین رووداوی گرنگی كوڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس لە ساڵی 2009 روویدا، ئەوكاتەی رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا لە ئەنجامی قسەكانی گەڵ شیمۆن پرێز سەرۆكی ئەوكاتی ئیسرائیل، كۆبوونەوەكەی بەجێھێشت و گوتی پێم وا نییە جارێكی دیكە بێمە ئەو كۆبونەوەیە، كۆبوونەوەكە لە توركیا و وڵاتانی عەرەبی بە "خولەكێك" one minute  ناوی دەركرد و وڵاتانی عەرەبی پێشوازییان لەم كارەی ئەردۆغان كرد.

تیمی كوردستان24 بەشدارە لە كۆڕبەندی ئابووریی جیھان و بە بەردەوامی روماڵی كۆڕبەندەكە و پانێل و بابەتەكانی دەكات.

JS