عەبادی سەربازەكانی لە شەڕی موسڵ بە پاڵەوان و فیداكار وەسف دەكات

بایدن سەركەوتنی ھێزەكانی عێراق بە سەركەوتنی ھەموو جیھان دەزانێت

K24 - ھەولێر

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان، ستایشی ھێزەكانی وڵاتەكەی كرد بەبۆنەی كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی گەڕەك و ناوچەكانی رۆژھەڵاتی موسڵ.

لێدوانی عەبادی لە كاردانەوەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژھەڵاتی موسڵ ھات كە بە ھۆیەوە دەستخۆشی لە ھێزەكانی عێراق كرد و سەربازەكانی لە شەڕ و پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان بە پاڵەوان و فیداكار وەسف كرد.

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ عەبادی، جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا، سەركەوتنی ھێزەكانی عێراق  بە سەركەوتنی ھەموو جیھان زانی.

دوای زیاتر لە 3 مانگ لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ، دوێنێ چوارشەممە كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی رۆژھەڵاتی ئەو شارە راگەیەنرا.

فەرماندەی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری عێراق تالب شغاتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گووتی: "له‌و ئۆپه‌راسۆنه‌دا زیاتر له‌ 3300 چه‌كداری داعش كوژراون‌ و 300 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش پوچه‌ڵكراون و هێزه‌كانی عێراق توانیان تا ئه‌وپه‌ڕی توانایان ده‌ست له‌ خه‌ڵكی سڤیلی شاره‌كه‌ بپارێزن و رێگەیان ‌نه‌دا خه‌ڵكێكی زۆر ببنه‌ قوربانی شه‌ڕه‌كه‌، له‌ كاتێكدا چه‌كدارانی داعش وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان ده‌هێنان و ببوونه‌ له‌مپه‌ر ‌به‌رده‌م خێرایی پێشرەوی ھێزەكانمان".

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ لە لایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵكران، دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

JS