ئەمریكا چاودێری کەیسی دادگایی كردنی دەمیرتاش دەكات

داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات پڕۆسەی دادگاییکردنی بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت

K24 - ھەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری کەیسی دادگاییكردنی هاوسەرۆکی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش دەكات.

دادگایەكی توركیا لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان لە دوایین دانیشتنی داوای سزای 142 ساڵ زیندانیكردن بۆ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی گشتی هه‌ده‌پەی‌ كرد.

جۆن کێربی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمبارەوە نیگەرانی وڵاتەكەی دەربڕی بەرامبەر ئەم داواکارییەکەی دادگای توركیا بە زیندانیکردنی دەمیرتاش بۆ ماوەی 142 ساڵ.

رۆژی 4 تشرینی دووەمی 2016 سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش و فیگەن یوكسوكداغ هاوسه‌رۆكەكانی هه‌ده‌په‌ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیا دەستگیركران و دەمیرتاش  بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری ئەدیرنە گواسترایه‌وە و تا ئێستا چەندین دانیشتنی دادگاكردنەكەی بەڕێوەچووە و لە داواترینیان داوای 142 ساڵ زیندانیكردنی كرا.

دەمیرتاش لە كاتی بەرگری لە خۆی رایگەیاند "ھەڵگرتنی پارێزبەندی بە بڕیاری ئەردۆغان بووە و ئەگەر دادوەر بڕیاری گرتنی منی نەیدابا، ئەوا بۆ خۆی دەگیرا".

کێربی لە بارەی دادگایی كردنی دەمیرتاش گوتی ئەمریکا پاڵپشتی لە ئازادی رادەربڕین لە تورکیا دەکات و داواشی لە حکومەتی تورکیا كرد پرۆسەی دادگاییکردنی بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت.

دانیشتنی دادگاییكردنی دەمیرتاش بۆ رۆژی 7 نیسانی داھاتوو دوا خرا.

JS