لە ئێران بازرگانی بە منداڵان دەكرێت

بەرپرسێك داوای نەزۆك كردنی ئەو ژنانەی كردبوو كە ئاڵودەن

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێكی ئێران لە لیژنەی دادوەری و ماف رایگەیاند فرۆشتنی منداڵ لە ئێران بووەتە بابەتێكی بازرگانی و ھەندێ كەس بازرگانی بەم دیاردەیە بەربڵاوە دەكەن.

بەھمەن تاھرخانی بە ماڵپەری پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای پاراستنی منداڵان  و مێرمنداڵان بكرێت و بە ئاپدەیت كردنی یاساكان بەرەنگاری ئەم دیاردەیە و سەرپێچیكاران ببینەوە.

فرۆشتنی منداڵانی ساوا لە ئێران بووەتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و ھەندێ خێزانەكان بە چەند ملیۆن تمەن منداڵە ساواكانیان دەفرۆشن.

جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بۆ كاروباری ژنان و خێزان رایگەیاند ئاماری فرۆشتنی منداڵان لە زكی دایكی بەرزە و ھەژاری فاكتەرێكی گرنگی بەربڵاوبوونی ئەم دیاردەیە كۆمەڵایەتییەیە.

شەھیندوخت مەولاوێردی ھەروەھا باس لە ھۆكارەكانی "ھەژاری ئابووری، ھەژاری فەرھەنگی، ئاڵودەبوون، لەسەر شەقام نووستن و بە شوودانی منداڵان" لە ئێران كرد بۆ بەربڵاوبوونی دیاردەی فرۆشتنی منداڵ.

پەرلەمانتارەكەی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی فرۆشتنی منداڵ داوای باشتركردنی رەوشی ئابووری و فەرھەنگی خەڵكی وڵاتەكەی كرد.

پێشتر بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی تارانی پایتەخت داوای نەزۆك كردنی ژنانی ئاڵودەبووی سەرشەقامەكان بە رەزامەندیی خودی ئەوانی كردبوو.

ئەم ھەڵوێستە كاردانەوەی توند لە ماڵپەرە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە، كە پاش بڵاوبوونەوەی وێنەی 50 كەس ھات لە ناو گۆڕدا دەژیان.

سیاوەش شەھریوەر لەمبارەوە گوتبووی "ھەندێ لەو ژنانە سەرباری ئاڵودەبوون و نووستنی سەر شەقام و پەرەپێدانی بەدڕەوشتی، وەك دەزگای مریشك منداڵ بەرھەم دێنن و لەبەر ئەوەی كە سەرپەرشتیان نییە، منداڵەكانیان دەفرۆشن".

JS