بارزانی: لە عێراقێكدا نامێنینەوە ئەگەر مالیكی حوكمی بكات

پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ سەرۆكی نوێی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ھەیە و پێشبینی دەكەین ئەمریكا لەسەر یارمەتیدانی ھەرێمی كوردستان بەردەوام بێت

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رادەگەیەنێت عێراقێك قبوول ناكەین مالیكی تێیدا حوكم بكات و ئەوكات بێ گەڕانەوە بۆ كەسێك سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم ئەگەر مالیكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران.

بارزانی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس ئاماژەی بەوەدا پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش 1668 شەھید و 9725 برینداری داوە، لە كاتێكدا 15 ھەزار چەكداری داعش كوژراون و كۆنترۆڵكردنی بەری چەپی موسڵیش بە سەركەوتنێكی مەزن دەزانێت.

ھەروەھا یارمەتییەكانی ئەمریكا و ھاوپەیمانان و ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی موسڵ گرنگ زانی، گوتیشی پڕ چەك كردنی پێشمەرگە وەك پێویست نەبووە.

سەرۆك بارزانی لێسەندنەوەی متمانە لە ھۆشیار زیباری وەزیری پێشووی دارایی بە لێدانێكی دژی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزرانی عێراق و ئۆپەراسیۆنی موسڵ زانی و ئامانجیشی رووخانی حكومەتی عەبادی و شكستی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بوو.

لەبارەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا، بارزانی ئاماژەی بەوەدا پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ سەرۆكی نوێی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ھەیە و پێشبینی دەكات ئەمریكا لەسەر یارمەتیدانی ھەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.

سەبارەت بە رۆڵی ئێران لە عێراق، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێی وایە ئێران دەسەڵاتێكی زۆری لە بەغدا ھەیە، گوتیشی ھەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێران ھەیە.

سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ "الشرق الاوسط"، گەڕانەوەی یەكپارچەیی عێراق زۆر بە سەخت دەزانێت، لە بارەی پێكەوە ژیانی كورد و عەرەب پێی وایە برادەرانی عەرەب بەشداریكردنی راستەقینە لەگەڵ كورد قبووڵ ناكەن.

لە وڵامی پرسیارێك دەربارەی پرسی سەرۆكەیەتی ھەرێم، گوتی ھەر خولێكی سەرۆكایەتی بۆ ماوەی چوار ساڵە، بۆ ماوەی دوو ساڵیش درێژ كرایەوە. لە كاتی شەڕی داعش داوام لە پەرلەمان و حزبەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان و ئەوانەی دیكە كرد، لە كاتی شەڕدا بڕیاڕێك بدەن، یان ئەم رەوشە بەردەوام بێت، یان ھەڵبژاردن بكرێت، یان كەسێكی دیكە بۆ سەرۆكایەتی دەستنیشان بكەن، چۆنكە پێویستیم بە كورسی نییە.  بەڵام ھەندێ لایەن نیمچە كودەتایان لە پەرلەمان كرد و بنەماكانی رێككەوتنیان پێشێل كرد.

لەباری پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بارزانی ئاماژەی بەوەدا بۆ دوو یان سێ ناوەند دابەشبوون، ئامۆژگاریم كردن یەكگرتوو بن، لەگەڵ ئەوەشدا باشترین پەیوەندیم لەگەڵیان ھەیە.

لە باەری گەندەڵیش ئاماژەی بەوەدا بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیمان دایە و بۆ دانانی سنوورێك بۆ گەندەڵی و قۆرخكاری و خراپ بەكارھێنانی دەسەڵات ھەنگاو گیراوەتە بەر.

سەرۆك بارزانی پێی وایە سوریا بۆ سەردەمی پێشوو ناگەڕێتەوە و لەوەڵامی پرسیاری دەربارەی فیدراڵی دەڵێت رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی فورات دابەش دەبن و ھەر ناوچەیەك رەوشی تایبەت بە خۆی ھەیە.

سەبارەت بە پرسیاری رۆڵی روسیا لە سوریا گوتی روسەكان دەزانن چۆن مەمەڵە بكەن و دەشزانن چییان دەوێت.

JS