په‌كه‌كه هێزێكی تایبه‌تی له شنگال دامه‌زراند
K24 – هه‌ولێر:
ماڵپه‌ڕێكی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" بڵاویكردووه‌ته‌وه، هێزێكی تایبه‌تی له شه‌نگال درووستكراوه و به ده‌یان شه‌ڕڤان به‌شداری یه‌كه‌مین خولیان كردووه.
ئه‌و هێزه تایبه‌ته ناوی یه‌كینه‌ی تایبه‌تی ئێزیدخانه و وه‌ك له ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، شه‌ڕڤانه‌كان سوێند ده‌خۆن و له به‌رده‌می ئاماده‌بواندا مه‌شق و نمایش ده‌كه‌ن.
ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه" ئه‌و خوله له لایه‌ن "ئه‌كادیمیای ئێزیدخان" له‌سه‌ر چیای شنگال كراوه‌ته‌وه و ده‌یان شه‌ڕڤان به‌شداری خوله‌كه‌یان كردووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ی نزیك له په‌كه‌كه، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده و به‌رپرسێكی كارگێڕی له‌سه‌ر چیای شنگال ئاماده‌ی ئه‌و خوله بوون.
به‌گوێره‌ی وێنه‌كان، چه‌كداره‌كان لۆگۆی یه‌به‌شه و لۆگۆی یه‌كینه‌ی تایبه‌تی ئێزیدخان و وێنه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیان به جله‌كانیانه‌وه كردووه و ده‌م و چاویان داپۆشیووه.
ئه‌و میدیایه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه هیچ ورده‌كارییه‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌و هێزه رانه‌گه‌یاندووه و باسی ئه‌وه‌شی نه‌كردووه ئه‌م هێزه تایبه‌ته ئه‌رك و كاریان چییه و بۆ چ مه‌به‌ستێك درووستكراون و له لایه‌ن كێوه چه‌ك و مووچه و پاره‌یان بۆ ته‌رخانكراوه و هاوكاری ده‌كرێن.
درووستكردی ئه‌و هێزه تایبه‌ته و هێزی زیاتر له لایه‌ن پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه، له ژێر ناوی جیاجیادا له ناوچه‌كانی شنگال، له كاتێكدایه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، چه‌ندین جار داوایان له په‌كه‌كه كردووه له زووترین كاتدا، ناوچه‌كانی شنگال چۆڵبكه‌ن.