ترەمپ بەم ھۆكارە ڤیزە ناداتە ھاووڵاتیانی عێراقی و ئێرانی و سوری

بە سەرچاوە و پشتیوانی تیرۆر ناسراون

K24 - ھەولێر

بڕیارە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە 25 كانوونی دووەمی 2017 لە میانەی سەردانی بۆ وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێك ئیمزا بكات كە بە ھۆیەوە پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی عێراق، سوریا و ئێران و چەند وڵاتی تری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی كاتی رادەگرێت.

ئەو وڵاتانەی بەر بڕیاری ترەمپ دەكەون بۆ ھەڵپەساردنی پێدانی ڤیزە، بە سەرچاوە و پشتیوانی تیرۆر ناسراون، لەوانە سوریا، عێراق و ئێران و چەندین وڵاتی دیكەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

بە پشت بەستن بە سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ھۆكاری بەركەوتنی ھەرسێ وڵات بە بڕیاری ترەمپ دەخەینەڕوو، كە ھاووڵاتیانی كوردیش لە ھەرسێ وڵات دەگرێتەوە.

سوریا

ئەگەر لە دەرەوە سەیری سوریا بكرێت، ئەو وڵاتە بووەتە شانەی ھەنگی گرووپە تیرۆریستییەكان و یاریكەرانی دەرەوەی حكومەت.

بەشێك لەو گرووپانە لە دژی ھێزەكانی وەفادار بە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا دەجەنگن، كە بە ھۆی شەڕی خوێناوی ناوخۆیی ئەم وڵاتە دەوروبەری 500 ھەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

گلۆبالۆ بەم شێوەیە نۆ لەو رێكخراوانەی چەكدار لە سوریا ریزبەند كردووە:

داعش بە 25 ھەزار تا 80 ھەزار چەكدار،

بەرەی نوسرە بە 15 ھەزار تا 20 ھەزار چەكدار، ناوی خۆی بۆ "جبھة فتح الشام" گۆڕیوە،

سوپای سوریای ئازاد بە 100 ھەزار چەكدار،

"احرار الشام" بە 10 ھەزار تا 29 ھەزار چەكدار،

بەرەی ئەسالە و پەرەپێدان بە 13 ھەزار چەكدار، گرووپی نورەدین زەنكی لەناو ئەم رێكخراوە دایە.

فەیلەقی شام بە 4 ھەزار چەكدار، بە فەیلەقی "حمس"یش ناسراوە.

یەكێتی جوندولشامی ئیسلامی بە 3 ھەزار چەكدار،

"جیش الاسلام" بە 17 ھەزار تا 25 ھەزار چەكدار،

"جیش الفتح" بە 10 ھەزار چەكدار،

حكومەتی سوریا لە وەتەی ساڵی 1979 لە ناو لیستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دایە كە پشتگیری تیرۆر دەكات.

ھەروەھا پشتیوانی لە حزبوڵای شیعەی لوبنان دەكات.

عێراق

عێراق پاش شەڕی 2003 دووچاری ناسەقامگیری بوو. روخانی سەدام رێگە بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی شیعەكان كردەوە، بەڵام لە گەڕاندنەوەی سیستەم بۆ وڵات شكستیان خوارد. رێكخراوەكانی وەك داعش كە لە چەكدارانی سوننە پێكھاتوون ئەو بۆشاییەیان پر كردەوە و رێگەیان نەدا عێراق لە قوناخی پاش سەدام رێك بخرێتەوە.

داعش بە ھۆی سەدان كردەوەی تیرۆریستی ھەزاران كەسی كوشتووە.

ئێران

ئێران لەناو لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دایە و بەپێی ھەواڵێكی سی ئێن ئێن یەكەم سپۆنسەری تیرۆرە لە ساڵی 2015، بە چەندین شیواز یارمەتی تیرۆر دەدات، لەوانە یارمەتی دارایی، مەشق و راھێنان، پڕچەككردنی گروپەكان لە سەرتاسەری جیھان.

 بەرپرسانی ئەمریكا لەمبارەوە دەڵێن ئێران چەك و پارە دەداتە ریكخراوەكانی وەك حزبوڵا لە لوبنان و گرووپەكانی شیعەی عێراق، لەوانە كەتایبی حزبوڵا.

ھەردوو رێكخراو لە لیستی تیرۆری ئەمریكادان.

JS