جه‌عفه‌ر مسته‌فا: پێویستە پارتی و یەکێتی رێکبکەون و پاشان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن

گوتيشى: ئەو شاندەی چوونەتە ئێران، بەشێکن لە حەشدی شەعبی و گروپێکی بچووکن و نوێنەراتی کوردانی ئێزدی ناکەن.
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

جەعفەر مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند؛ لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێکەوە رێكکەوتبون، هه‌رێمى کوردستان پێشكه‌وت، بەڵام کاتێک لەیەکەتر دوورکەوتنەوە کوردستان گەڕایەوە دواوە.

جەعفەر مستەفا بۆ کوردستان24 رایگەیاند؛ پێویستە پارتی و یەکێتی سەرەتا پێکەوە رێکبکەون و دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رێکبکەون، نەک بە پێچەوانەوە.

ئەندامه‌كه‌ی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی سەردانی شاندێکی کوردانی ئێزدی بۆ تاران راگەیاند، ئەو شاندە نوێنەراتی کوردانی ئێزدی ناکەن و تەنیا گروپێکی چەکدارین.

گوتيشى: ئەو شاندەی چوونەتە ئێران، بەشێکن لە حەشدی شەعبی و گروپێکی بچووکن و نوێنەراتی کوردانی ئێزدی ناکەن.

هه‌روه‌ها گوتی: پێویستە گوێ لە ئەو کوردە ئێزدییانە بگیرێ کە شەهیدییان داوە و پێشمەرگەن و قوربانیان بۆ خاکەکەیان داوە و ئێستا ئاوارەن، ئەوانیش هەر بڕیارێک بده‌ن ئێمە رێزی لێدەگرین.