داوا ده‌كرێت بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت

kurdistan24.net

K24 سلێمانى

لایەنە سیاسیەکان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کاتی ھاتووە گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا بکرێت سەبارەت بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و سەرەتاش دەبێت ناوماڵی کورد ڕێکبخریتەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەکاتێکدا دەسەڵاتی داعش لەعێراق و ناوچەکە بەرەو نەمان دەچێت لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی كوردستان بەدەرفەتێکی گونجاوی خۆیان بۆ دوای نەمانی داعش ئامادەبكەن و كار بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بكەن. سکرتێری حیزبی سۆسیالستی دیموکراتی کوردستان کاتەکە بە گونجاو دەزانێت دەڵێ : نابێت چاوەڕێی ھیچ کەس بین و بڕیار لای کورد خۆیەتی .

 لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەوەڵامی کوردستان 24دا ھەموو دەرفەتێکی بەگونجاو زانی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ئەوەشی بە مافێكی سروشتی وەسفکرد بۆ کورد وتیشی کوردستان خاکی خۆمانەو داگیرکراوە.