سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی شنگال بۆردومان ده‌كرێن

لەلایەن چەند گرووپێکی حەشدی شەعبییه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

شەوی رابردوو سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رۆژهەڵاتی شنگال، لەلایەن چەند گرووپێکی ناو حەشدی شەعبییه‌وه‌ بۆردومان کران.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وه‌زاره‌تی پێشمەرگە، تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، کە چەندینجارە لەلایەن گرووپێکی ناو حەشدی شەعبی، لە گرێ سینۆی رۆژهەڵاتی شنگال، بە کاتیۆشا هێرش دەکرێتە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

عه‌مید هه‌ڵگورد حیكمه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و هۆشیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دەڵێت: "کردەوەکە بە هەڵوێستی فەرمی حەشدی شەعبی نازانین" و هۆشداری ئەوەش دەدات لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە کردەوانە, وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەڵوێستی دیکەیان دەبێت.

سەرچاوە باڵاکەی پێشمەرگە ئاشكراشیکرد، چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی کە وەعد مەحموود قەدۆ، فەرماندەی لیوای 30 حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی مووسڵ و برای حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری عێراقی فەرماندەییان دەکات، رێگریان کردووە لە گەڕانەوەی دانیشتووانی قەڵای بازوایای رۆژهەڵاتی مووسڵ، کە زۆرینەیان سەر بە هۆزی هەرکین و هەڕەشەی رووخاندنی خانووەکانیشیان لێکردوون.