لە كەركوك كاركردن بە پرۆژەی كارتی نیشتمانی راگیرا

ھاووڵاتیانی كەركوك ئەو ناوەی رژێمی بەعس قبووڵ ناكەن، ھەر وەك چۆن دانیشتوانی شاری سەدر ناوی "مدينة صدام"یان قبووڵ نەكرد

K24 - ھەولێر

پارێزگاری كەركوك نەجمەدین كەریم كاركردن بە پرۆژەی كارتی نیشتمانی رادەگرێت تا ئەو كاتەی ناوی " التأميم" لا دەدرێت و "كەركوك" شوێنی دەگرێتەوە.

لە كەرتی نیشتمانی لە پارێزگای كەركوك ناوی " التأميم" لە جیاتی كەركوك نووسراوە، كە ناوێكی تەعریبكراوی سەردەمی بەعسە.

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "بەڕیوەبەرایەتی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگە راسپێردراوە بە راگرتنی كاركردن بە پرۆژەی كارتی نیشتمانی و بە خێرایی راگەیاندنی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە بەغدای پایتەخت، تا ئەوكاتەی ناوی " الـتأميم" لا دەدرێت و كەركوك شوێنی دەگرێتەوە".

گوتیشی "پارێزگاری كەركوك وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار دەكاتەوە".

لە بەیاننامەكەی پارێزگاری كەركوك ئاماژە بەوە دراوە، ھاووڵاتیانی كەركوك ئەو ناوەی رژێمی بەعس قبووڵ ناكەن، ھەر وەك چۆن دانیشتوانی شاری سەدر ناوی "مدينة صدام"یان قبووڵ نەكرد.

JS