رفاندنی سوننەكان لە مووسڵ رەتدەكرێتەوە

"داوا لە ھاووڵاتیانی مووسڵ دەكەین بگەڕێنەوە ناوچەكانیان"
kurdistan24.net

K24 – مووسڵ

دوای ئەوەی لە ھەندێك كەناڵێكی راگەیاندن بڵاوكرایەوە كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك ھاووڵاتی سوننە لە ناحیەی بەرتلەی رۆژھەڵاتی مووسڵ رفێندراون، فەرماندەیەكی ھێزی نەینەوا ئەو دەنگۆیە رەتیدەكاتەوە.

ئەبو حەسەن شەبەكی فەرماندە لە ھێزی نەینەوای حەشدی شەعبی بە كوردستان24 گوت: "ئەوەی ھەندێك كەناڵی راگەیاندن بڵاویان كردووەتەوە كە ئێمە خەڵكی سوننە دەرفێنین راست نییە، ئێمە لەناوچەی بازوایایەن كە ھەمووی گوندەكانی خەڵكی شەبەكن و ھیچ عەرەبێكی سوننەی لێ نییە".

گوتیشی: "زیاتر لە دوو مانگە ئەم ناوچەیە رزگاركراوە و بەشێكی زۆری لە مین و بۆمب پاككراوەتەوە، داوا لە حكوومەتی عێراق بڕیار بدات بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە شەبەكەكان بۆ گوندەكانیان".