ترەمپ ھێرشە سەربازییەكانی بۆ لێدانی داعش زیاتر دەكات

تۆپخانەكانی ئەمریكا لە سوریا و كۆپتەرەكانی جەنگی بەشداری لە شەڕی رەققە دەكەن

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ ھەینی 27 كانوونی دووەم سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ سەردانی وەزارەتی بەرگری-پێنتاگۆن بكات بۆ دانانی پلانێكی سەربازی دژی داعش.

رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز لە زاری بەرپرسانی ئەمریكا بڵاوی كردەوە ترەمپ لەم سەردانەدا "داوا لە وەزیری بەرگری جەیمس ماتیس دەكات پلانێك دابێنت بۆ ئەوەی گورزی توندتر لە داعش بوەشێنێت، لەوانە تۆپخانەكانی ئەمریكا لە سوریە و بەكارھێنانی كۆپتەرەكانی جەنگی بۆ ھێرشكردنە سەر شاری رەققەی پایتەختی داعش".

ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققە رۆژی 4 تشرینی دووەمی 2016 بە بەشداری ھەر یەك لە ھێزەكانی سوریای دیموكرات و یەپەگە دەستیپێكرد و لە ماوەی دوو قوناخی ئۆپەراسیۆنەكە چەندین ناوچەیان لە باكوور و رۆژھەڵاتی رەققەیان كۆنترۆڵ كردووە.

ئەوە بە یەكەم سەردانی ترەمپ بۆ پێنتاگۆن ئەژمار دەكرێت كە ھەفتەیەكە وەك سەرۆكی ئەمریكا دەستبەكار بووە.

لەم سەردانەدا، ترەمپ "داوا لە بەرپرسانی پێنتاگۆن دەكات لە ماوەی 30 رۆژدا بژاردەیەكی نوێ بۆی ئامادە بكەن"، ھەر وەك بەرپرسانی ئەمریكا بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیان گوت.

ترەمپ لە كەمپەینی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی چەندین جار رایگەیاند پلانێكی نھێنی بۆ تێكشكاندنی داعش ھەیە، بەڵام لەم سەردانەدا مانگێك دەداتە فەرماندە سەربازییەكانی بۆ ئەوەی بژاردەیەكی نوێ بۆی ئامادە بكەن.