ھێزەكانی سوریا و توركیا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

"باب" خاڵی بە یەك گەیشتنی ھێزەكانی سوریا و توركیایە

K24 - ھەولێر

سوپای سوریا بەرەو ناوچەی باب لە رۆژئاوای كوردستان جوڵە دەكات كە لە ژێر كۆنترۆڵی داعش دایە و لە لایەن سوپای توركیا و ھاوپەیمانەكانی ئابڵۆقە دراوە.

رویتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەك بڵاوی كردەوە، ھێزەكانی حكومەتی سوریا بەردەوامن لە پێشڕەوییەكانی بەرەو ناحیەی باب و ئەگەری شەڕ و پێكدادان لەگەڵ چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە ئەنقەرە ھەیە، كە لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات" یاوەری سوپای توركیا دەكەن.

ھێزێكی تایبەتی سوریا 6 كیلۆمەتر نزیكی باب بووەتەوە و فەرماندەیەكی سوپای سوریا لە حەلەب فەرماندەیی ئەم ھێزە دەكات.

سەرچاوەكە ئاماژە بەوەش دەدات، روسیا پشتگیری سوریا دەكات و ئامادەیە لە كات داواكاری، بە پشتگیری ھەوایی بەشداری بكات.

ئامانجی سوریا لە جوڵاندنی ھێزەكانی بۆ باب، پێشیگرتنە بە سوپای توركیا، سەرچاوەكە باس لەوەش دەكات ئەگەر پێوێست بكات رووبەڕووی ئەو ھێزانەی سوپای سوریای ئازاد دەبنەوە، كە پێشەنگی سوپای توركیا دەكەن.

رویتەرز ھەر لەمبارەوە بڵاوی كردەوە، ئەگەری روودانی شەڕ نێوان توركیا و سوریا ھەیە، كە ھەردوو لا ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری ناحیەی باب لە ژێر دەسەڵاتی داعش دەدەن.

ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتی سوپای توركیا لە سوریا بە بەشداری گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە رۆژی 24 ئابی 2016 دەستیپێكرد و بۆ ماوەی زیاتر لە 150 رۆژە بەردەوامە و چەند مانگێكیشە ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری ناحیەی باب دەدات، پاش ئەوەی جەرابلوس و ناوچەكانی دیكەی نێوان كوبانێ و عەفرینی كۆنترۆڵ كرد.

JS