ترەمپ: ئێران یاری بە ئاگر دەكات

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناكەین

K24 - ھەولێر

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ جارێكی دیكە ھەڕەشە لە ئێران دەكات، پاش ئەوەی ئێران رایگەیاند ڤیزە بە تیمی زۆرانبازی ئەمریكا نادات بۆ بەشداریكردن لە كێبركێی جیھانی زۆرانبازی.

ترەمپ لە توێتێكد بڵاوی كردەوە "ئێران یاری بە ئاگر دەكات، ئەوان قەدری ئەو باشییەی سەرۆك ئۆبامایان نەزانی كە لەگەڵیان ھەبوو، بەڵام من وا نابم".

لە لایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "گوێ بە ھەڕەشەكانی ئەمریكا نادەین و دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناكەین".

ھەر لەمبارەوە موحسین رەزایی ئەمینداری كۆمەڵەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران رایگەیاند "ئاغای ترەمپ تویتی كردووە، كە ھۆشداریم دایە ئێران، ئەوانەی گەورەتر لە تۆ ھۆشدارییاندا، بەڵام نەیانتوانی كارێك بكەن".

 

پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا لە سەردەمی باراك ئۆباما بەتایبەتی پاش رێككەوتننامەی ئەتۆمی، ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی 30 ساڵی رابردووی نێوانیان كەمكردەوە، بەڵام بە ھاتنی ترەمپ جارێكی تر ئاڵۆزی نێوانیان سەرھەڵدایەوە، كە سەرباری ئەوەی بەڵێنی ھەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنامەكەی داوە، لە یەكەم بڕیاری جێبەجێكار بەرامبەر ئێران، ھاتنی ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتە بۆ ئەمریكا ھەڵپەسارد.

ترەمپ ھەروەھا داوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق دەكات و لەمبارەوە دەڵێت "ئێران دەستی بە سەر تەواوی عێراقدا گرتووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریكا 3 تریلیۆن دۆلاری لەم وڵاتە خەرجكرد".

تاقیكردنەوەی موشەكی بالستی ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردوو كاردانەوەی توندی واشنتۆن لێكەوتەوە و ژمارەیەك كۆنگرێسمان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاسایەك بۆ سەپاندنی كۆمەڵە سزایەكی نوێ بەسەر ئێران.

JS