زەردەشتییەكان مەلایەك دەدەنە دادگا

مەلاكە فەتوای كوشتی زەردەشتییەكانی داوە
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

ژمارەیەك لە كەسایەتی و نوێنەرانی ئاینی زەردەشی لە باشووری كوردستان لەبەردەم دادگای سلێمانی رایدەگەیەنن، سكاڵا دژی مەلایەك تۆمار دەكەن كە لە چەند رۆژی رابردوودا فەتوای كوشتنی زەردەشتییەكانی داوە.

ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بە كوردستان24 گوت: "سكاڵا دژی ئەو مەلایە تۆمار دەكەین كە لە دیمانەكی رۆژنامەوانی، مۆڵەتی سێ رۆژی داوە بە زەردەشتییەكان، ئەگەر نەگەڕێنەوە سەر ئاینی ئیسلام دەبێ ھەموویان بكوژرێن".

گوتیشی: "بەڵگەمان لەبەردەستە بە ڤیدیۆ ئەو فەتوایەی كوشتنی ئێمەی داوە و چەند قسەیەكی نەشیاویشی پێ گوتوین".

دەشڵێت: "لە كوردستان ھەشت ئاینی جیاواز ھەن و خەڵك بە تەبایی دەژین، جێگەی ئەو داعشە دەمامكدارانە نابێتەوە".