توركیا و سوریا لە ھەر چوار لاوە داعش ئابڵۆقە دەدەن

تاكە رێگەی پەیوەندی داعش لە باب داخرا

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی رژێمی سوریا و ھاوپەیمانەكانی لە داویین پێشڕەوییەكانیان گەیشتنە باشووری ناحیەی باب و تاكە رێگە پەیوەندیی داعش لە باشووری رۆژھەڵاتی باب لەگەڵ شوێنەكانی دیكەی ژێر كۆنترۆڵی داخست.

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند سوپای سوریا و حزبوڵڵای لوبنان شەوی رابردوو دەستیان بەسەر ناوچەكانی باشووری رۆژھەڵاتی باب گرت.

ھێزەكانی رژێم و ھاوپەیمانەكانی بە پشتگیری ھەوایی ئەو رێگەیان كۆنترۆڵ كرد كە سەنتەری ناحیەی بابی ژێر دەسەڵاتی داعش بە ناوچەكانی ژیر دەسەڵاتی لە پارێزگاری دێرەزۆر دەبەستێتەوە.

پێشتر ھێزەكانی توركیا و ھاوپەیمانەكانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا ناوچەكانی دەوروبەری سەنتەری ناحیەی باب لە باكوور، رۆژئاوا و رۆژھەڵات شارەكەیان كۆنترۆڵ كردبوو و داعش لەناو باب تەنیا لە رێگەی باشووری رۆژھەڵات پەیوەندیی بە ناوچەكانی دیكەی خۆی ھەبوو.

سوپای توركیا رۆژی 24 ئابی 2016 بە بەشداری گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "قەڵغانی فورات" ھێرشی كردە سەر جەرابلوس و ماوەی چەند مانگێكیشە ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی سەنتەری ناحیەی باب دەدات و ئامانجێشی پێشیگرتنە بە ھێزەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی ناوچە كوردییەكانی یەك نەخات. بەتایبەتی عەفرین  و كوبانێ پێكەوە نەبەستێتەوە، پاش ئەوەی كە شاری منبجیان كۆنترۆڵ كرد.

ھێزەكانی رژێمی سوریا لە ماوەی سێ ھەفتەی رابردوو 5 كیلۆمەتر لە ناوچەكانی باشووری باب پێشروییان كردووە و ئامانجیشی پێشیگرتنە بە پێشڕەوی زیاتری سوپای توركیا و ھاوپەیمانەكانی بەرەو باشوور.

JS