ئەمریكا لە ھەوڵدایە سوپای پاسداران بخاتە ناو لیستی تیرۆر

چەندین رێكخراو و دامەزراوەكانی ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە راسپێردراون

K24 - ھەولێر

ئاژانسی رویتەرز بڵاوی كردەوە بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوا لە چەندین رێكخراو و دامەزراوەكانی وڵاتەكەیان كردووە بیروڕای خۆیان لە بارەی ئەگەری زیادكردنی سوپای پاسدارانی ئێران بە لیستی "رێكخراوە تیروریستییەكان" پێشكەش بكەن.

ھەندێ لە بەرپرسانی سوپای پاسداران و رێكخراو و كۆمپانیاكانی، تەنانەت ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لەگەڵ ھێزە سەربازییەكانی ئێران كار دەكەن لە لیستی ئابڵۆقەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دان و ژمارەشیان لە سەردەمی ترەمپ و پاش تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران بەرز بووەتەوە.

رادیۆ فەردا بە پشت بەستن بە رویتەرز بڵاوی كردەوە، ھەر چەندە ھیچ كۆپییەك لەو داواكارییەی بەرپرسانی ئەمریكا بەرچاو نەكەوتووە، بەڵام رایانگەندووە لەوانەیە وەك بڕیارێكی جێبەجێكار بدرێتە وەزارەتی دەرەوە، لەوانەیە ئەنجامەكەشی بە تیروریست ناساندنی سوپای پاسداران لێ بكەوێتەوە.

مانۆرێكی سوپای پاسدارانی ئێران
مانۆرێكی سوپای پاسدارانی ئێران

سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی 4 شوباتی 2017 دەستی بە مانۆرێكی سەربازی كرد، چەند رۆژێك پاش ئەوەی ئێران موشەكێكی بالستی مامناوەند تاقیكردەوە.

تاقیكردنەوەی ئەم موشەكە، سەرباری بە دەنگەوە ھاتنی بەرپرسانی ئەمریكا، لەوانە دۆناڵ ترەمپ سەرۆكی ئەم وڵاتە، كاردانەوەی پراكتیكی واشنتۆنی بەدوای خۆیدا ھێنا و وەزارەتی دارایی ئەمریكا سزا بەسەر 15 كەس و كۆمپانیا سەپاند كە پەیوەندییان بە دوا تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران ھەیە، پاش ئەوەی موشەكێكی بالستی مەودا ناوەند تاقی كردەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ھیشتا شەڕە قسە و ھەڕەشەی نێوان بەرپرسانی ئەمریكا و ئێران بەردەوامە: " ئێران یاری بە ئاگر دەكات، ئەوان قەدری ئەو باشییەی سەرۆك ئۆبامایان نەزانی كە لەگەڵیان ھەبوو، بەڵام من وا نابم " ترەمپ لە تویتێكی بڵاوی كردەوە.

ھەرچەندە وەزارەتی دەرەوی ئێران ئەو كات رایگەیاند گوێ بە ھەڕەشەكانی ئەمریكا نادەین و دەستپێشخەری بۆ شەڕ ناكەین، بەڵام موحسین رەزایی ئەمینداری كۆمەڵەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران رایگەیاند "ئاغای ترەمپ تویتی كردووە، كە ھۆشداریم دایە ئێران، ئەوانەی گەورەتر لە تۆ ھۆشدارییاندا، بەڵام نەیانتوانی ھەڵەیەك بكەن".

ھەر لەبارەی تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران مایكل فلین راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی رایگەیاند تاقیكردنەوەی موشەكی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانە و لەم ئەمڕۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەنە ئێران.

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ

 

لەمبارەوە دەڵێت "ئیدارەی ئۆباما لە گرتنەبەری كاردانەوەی گونجاو بەرامبەر كردەوەكانی زیانباری ئێران ناتوانا بوو، ئێستا ئێران ھەست بە بوێری دەكات، بەڵام لە ئەمرۆوە بە فەرمی ھۆشداری دەدەینە ئێران".

لە شوێنیكی دیكە مایكل فلین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "كۆمەڵی نێودەوڵەتی تا ئێستا لە رادەبەدەر بەرگەی مامەڵەی خراپی ئێران گرتووە. بەڵام رۆژانی چاوپۆشی كردن لە كردە دوژمنكارانەی ئێران بەرامبەر ئەمریكا و كۆمەڵی نێودەڵەتی كۆتایی ھاتووە".

لە بەرامبەر كاردانەوەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا سەبارەت بە تاقیكردنەوەی موشەك، 220 پەرلەمانتاری ئێران لە نامەیەكدا رایانگەیاند "تەنھا ریگەی پێشیگرتن بە ھێرشی دوژمن، بەرزكردنەوەی توانایی موشەكی كۆماری ئیسلامی ئێرانە".

رێبەری ئێران عەلی خامەنیی رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند لە ھەڕەشەكانی ئەمریكا ناترسن و بە بەشداریكردن لە رێپیوانی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی وەڵامی ھەڕەشەكانی ئەمریكا دەدەینەوە.

بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران كاریگەری بۆ سەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەوانە عێراق ھەیە، گرووپە چەكدارەكانی شیعەی عێراق لە لایەن سوپای پاسداران پشتگیری دەكرێن و رۆڵێكی سەرەكییان لە شەڕی دژی داعش ھەیە.

JS