مایكل فالن: پایتەختی داعش بە تەواوەتی ئابلۆقە دەدرێت

داعش زۆر سەرسەختانە بەرگری دەكات، ھەربۆیە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی رەققە زۆر بە وردی دارێژراوە

K24 - ھەولێر

وەزیری بەرگری بریتانیا رایگەیاند تا وەرزی بەھار شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش بە تەواوەتی ئابڵۆقە دەدرێت، پێش ئەوەی ھێرش بۆ سەر شارەكە دەستپێبكرێت.

مایكل فالن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ھەولێر گوتی "ھیوادارین تا وەرزی بەھار شاری رەققە بە تەواوەتی ئیزۆلە بكرێت، كە پاشان ھێرش بۆ سەر خودی شارەكە دەستپێدەكرێت بۆ ئازادكردنی".

ھێزەكانی سوریای دیموكرات رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات"ی راگەیاند و لە دوو قوناغی یەكەم و دووەمی ئۆپەراسیۆنەكە چەندین ناوچەیان لە باكوور و رۆژئاوای رەققەیان كۆنتڕۆڵ كرد، پێش ئەوەی دەست بە قوناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكە بكەن، ئامانجی ئەم قوناغەشی داخستنی رێگەی دێرەزۆرە لە باشووری رۆژھەڵاتی رەققە.

وەزیری بەرگری بریتانیا ھەر لەبارەی رەققە دەڵێت "رەققە شارێكی بچووكترە لە موسڵ، بەڵام دیارە داعش زۆر سەرسەختانە بەرگری دەكات، ھەربۆیە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی رەققە زۆر بە وردی دارێژراوە، ھەر وەك چۆن بۆ موسڵ دارێژرا".

دەشڵێت "بە ئازادكردنی رەققە دوای موسڵ، سەرەتای كۆتاییھاتن بەم خەلافەتە مەترسیدارە دەبینین".

فالن رۆژی شەممەی رابردوو سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و ئەمڕۆ یەكشەممە لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كۆ بووەوە و رۆژی گەیشتنیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئامانجی سەردانەكەی و ھەڵویستی وڵاتەكەی لە شەڕی دژی تیرۆر خستەڕوو كە بریتانیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بە پراكتیك پشتگیری ئەو ھێزانە دەكات كە لە عێراق و سوریا دژی داعش دەجەنگن، بە تایبەتی لە ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان.

JS