داوا دەكرێت ھەلی خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان لە بەلجیكا دابین بكرێت

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ شاندێكی هەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا تاوتوێ دەكەن

 K24 - ھەولێر

نوێنەرایەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، داوا دەكات ھەلی خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان لە بەلجیكا دابین بكرێت.

دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: "لە درێژەی کاروچالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەکی گرنگمان لە گەڵ ئۆفیسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە دابینکردنی هەڵی خوێند بۆ قوتابیانی کوردستان لە بەلجیکا".

روونیكردەوە: "لەم دانیشتنە کە بە چاودێری و هەماهەنگی حکوومەتی فلاندێز و بەشداری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێمی فلاندێز و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی فلاندێز لەگەڵ زانکۆکانی  بەرێوەچوو، هەلی خوێندن لە زانکۆکانی فلاندێرز بە تایبەتی لە بواری پزشکی و نشتەرگەری  و رادیۆلۆجی و بوارەکانی دیكەی تەکنیکی لە ئاستی  خوێندنی باڵا تاوتوێکران و لەلایەن نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا کرا، کورسی خوێندن لەم بوارانە و هەروەها بوارەکانی دیكەش بۆ قوتابیانی کوردستان مسۆگەر بكرێت".

دلاوەر ئاژگەیی راشیگەیاند: "بڕیاردرا لە قۆناغی دووەم پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان زانکۆکانی هەردوولا دروست بکرێت لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری زانستی لە نێوان هەردوولا".

ئەوەشی خستەڕوو: "نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری و هاوکاری سیاسی و ئابووری و زانستی لەلایەن ئەوروپیەکان بۆ هەرێمی کوردستان".