بریتانیا داوای گوشاری زیاتر بۆ سەر داعش لە موسڵ و رەققە دەكات

بریتانیا بە پێدانی زانیاریی ھەواڵگری، ھێرشی ھەوایی و مەشق و راھێنانی ھێزەكانی عێراق بەشداری لە شەڕی دژی تیرۆر كردووە

K24 - ھەولێر

وەزیری بەرگری بریتانیا مایكل فالن بۆ كۆتاییھێنان بە داعش داوای گوشاری زیاتر بۆ سەر موسڵ و رەققە دەكات.

فالن بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ناتۆ لە برۆكسل رایگەیاند بەریتانیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودوەڵەتی بە پێدانی زانیاریی ھەواڵگری، ھێرشی ھەوایی و مەشق و راھێنانی ھێزەكانی عێراق بەشداری لە شەڕی دژی تیرۆر كردووە.

وەزیری بەرگری بریتانیا ھەروەھا گوتی داعش بنكە و چەكدار و سەرچاوەی دارایی لە دەستداوە، بۆ ئەوەی بە یەكجاری لە ناو بچێت پێویستە گوشارەكانمان لەسەر موسڵ و رەققە زیاتر بكەین.

فالن رۆژی 11 شوباتی 2017 سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و پێشھاتەكانی شەڕی موسڵ بە جیا لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆكی حكومەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی تاوتوێ كرد.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیش، وەزیری بەرگری بریتانیا گوتی "وڵاتەكەی مه‌شق و راهێنان به‌ حه‌وت هه‌زار پێشمه‌رگه‌ كردووه‌ و له‌ هاوكارییه‌كانیشمان بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

لە بارەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعشیش گوتی "تا وەرزی بەھاری داھاتوو شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش بە تەواوەتی ئابڵۆقە دەدرێت، پێش ئەوەی بۆ رزگاركردنی شارەكە، ھێرش بۆ سەر خودی شارەكە دەستپێبكرێت".

ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 بە بەشداری 100 ھەزار كەس لە ھێزەكانی عێراقی و كوردستانی دەستیپێكرد و لە رۆژەكانی كۆتایی ساڵی 2016 رۆژھەڵاتی موسڵ بە تەواوەتی كۆنترۆڵكرا، پاش ئەوەی كە ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ كۆنترۆڵ كرابوون. ئێستاش ئامادەكاری دەكرێت بۆ دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆن بۆ كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای شارەكە.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش لە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 لە لایەن ھێزەكانی سوریای دیموكرات راگەیەنرا. لە دوو قوناغی یەكەم و دووەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا چەندین ناوچە لە باكوور و رۆژئاوای رەققەیان كۆنتڕۆڵ كران، پێش ئەوەی دەست بە قوناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەكە بكرێت كە ئامانجی ئەم قوناغەشی داخستنی رێگەی دێرەزۆرە لە باشووری رۆژھەڵاتی رەققە.

 JS