"مزگه‌وته‌كان داده‌خه‌م"
K24 – هه‌ولێر:
خیرت فێڵده‌رز سیاسی ناسراوی هۆڵه‌ندی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 18/2/2017 به درووشمی رێگه‌گرتن له كۆچی موسڵمانان و داخستنی مزگه‌وته‌كانی هۆڵه‌ندا ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن كرد و هیواخوازه به‌هۆی ئه‌و پرۆگرامه نوێیه‌ی له جیهان بره‌وی هه‌یه و دژی موسڵمانان په‌یام ده‌درێت، ئه‌میش بگه‌یه‌نێته سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات.
له‌و كاته‌وه‌ی له ساڵی 2004 ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی "سی‌و ڤان گوگ" ی موسڵمان كوژرا، خیرت به نهێنی ده‌ژی، به‌ڵام له رێوشوێنێكی ئاسایشی تونددا بۆ ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌كانی به ئاشكرا ده‌ركه‌وته‌وه.
هه‌فته‌ی رابردوو فیڵده‌رز گوتبووی:" ده‌مه‌وێت بچمه ده‌سه‌ڵات و له حكومه‌تدابم، به‌ڵێن ده‌ده‌م كۆتایی به پرۆسه‌ی "به ئیسلام كردنی هۆڵه‌ندا" بهێنم، بۆ ئه‌وه‌ش په‌یڕه‌وی له سیاسه‌ته دووباره‌كانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌كه‌م و دوورتر له‌ویش دژی موسڵمانان هه‌نگاو ده‌نێم".
به‌گوێره‌ی راپرسییه‌كان پارتی ئازادی كه خیرت فێڵده‌رز سه‌ر به‌وانه توانیوویه‌تی 17% ده‌نگه‌كان كۆبكاته‌وه و تا راده‌یه‌ك جه‌ماوه‌ری زیادبووه، به‌ڵام پارتی لیبراڵیی كه پاڵپشتی كه‌رتی كار ده‌كات و مارك رووته سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا سه‌ر به‌وانه، به خاڵێك له پاش حزبه‌كه‌ی فێڵده‌رزه‌وه دێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خیرت فێڵده‌رز بیشیباته‌وه له پێكهێنانی حكومه‌تدا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه، زۆربه‌ی پارته گه‌وره‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ پارته‌كه‌ی ئه‌و پێكبهێنن، پێناچێت په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندی پاڵپشتی كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له یه‌كێتی ئه‌وروپاش بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی خیرت بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.