وڵاتانی كەنداو بە دەیان فڕۆكەی جەنگی دەكڕن

سەرباری قەیرانی دارایی بودجەی بەرگری زیاتر دەكەن

K24 - ھەولێر

وڵاتانی كەنداو سەرباری قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی كورتھێنانی بودجە، خەرجی سەربازییەكانیان زیاتر دەكەن.

بە پێی ھەواڵێكی رویتەرز، دامەزراوەی شرۆڤەكردنی تیل گروپ لە ئەمریكا بڵاوی كردەوە سعوودییە بودجەی بەرگری لە 82 ملیار دۆلار لە ساڵی 2016 بۆ 87 ملیار دۆلار تا ساڵی 2020 زیاد دەكات.

ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بودجەی بەرگری لە 15.1 ملیار دۆلار لە ساڵی 2016 بۆ 17 ملیار دۆلار تا ساڵی 2020 زیاد دەكات.

ھەروەھا باس لە زیادكردنی بودجەی بەرگری لە لایەن ھەر یەك لە وڵاتانی كوەیت، قەتەر، عومان و بەحرێن دەكات.

وڵاتانی كەنداو لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعوودییە بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە شەڕدان، پاش ئەوەی بەشداریان لە شەڕی یەمەن لە دژی حوسییەكان و سەرۆكی پێشووی ئەم وڵاتە كرد، كە لە لایەن پشتگیری دەكرێن.

جێگری سەرۆكی دامەزراوەی تیل گروپ، ریچارد ئەبولفیا رایگەیاند "خەرجی بەرگری پەیوەندی بە ئەمنییەتی نیشتمانی و پێشبینی ھەڕەشەكان ھەیە".

دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2014 كە بە داروخانی نرخی نەوت ناسراوە، كورتھێنانێكی بێ وێنە لە بودجەی وڵاتانی كەنداوی لێكەوتەوە، ھەربۆیە دەستیان بە گرتنەبەری سیاسەتی دەستپێوەگرتن و كەمكردنەوەی خەرجییەكانیان كرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرزبوونەوە لە بودجەی بەرگری و خەرجییە سەربازییەكانیان بەردەوامە.

بە پێی ئەنستیتۆی تویژینەوەی ئاشتی نێودوڵەتی، خەرجی بەرگری سعوودییە و ئیمارات لە چوارچێوەی كۆی بەرھەمھێنانی ناوخۆیی لە ئاستە بەرزەكانی جیھاندان.

بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داھاتوو پیشانگای نێودەوڵەتی بەرگری لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بكرێتەوە، كە دوو ساڵ جارێك بۆ بەرھەمە سەربازییەكان رێك دەخرێت.

ئیمارات گرێبەستی كڕینی زیاتر لە 60 فڕۆكەی جەنگی لەگەڵ فرەنسا و بریتانیا ئێمزا دەكات. سعوودییە لە میانەی وەرگرتنی یۆرۆفایتێر و ئێف 15 دایە كە لە ساڵی 2019 تەواو دەبێت. كوەیت داوای كڕینی 28 فڕۆكەی بۆینگ F/A-18 و سوپەر ھۆرنێت كردووە، بە گشتی نییەتی كڕینی 40 فڕۆكەی ھەیە. بەحرێنیش چەندین فرۆكەی F-16 دەكڕێت.

JS