توركیا بۆ شەڕی رەققە دوو پلان پێشكەشی ئەمریكا دەكات

لە ھەردوو پلانەكەشی ئامانجی سەرەكی دەستبەسەردا گرتنی ناوچە كوردییەكانە

K24 - ھەولێر

توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش دوو پلان دەخاتە بەردەم ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

رۆژنامەی حورییەتی توركی بڵاوی كردەوە لە كۆبوونەوەی رۆژی 17 شوباتی 2017 لە بنكەی سەربازی ئێنجیرلیك، فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی توركیا خلوسی ئاكار دوو پلانی وڵاتەكەی بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە بۆ فەرماندەی سوپای ئەمریكا جۆزێف دانفۆرد شیكردەوە، كە ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكە لە ئینجیرلیك دەبێت.

بەپێی ھەردوو پلانی توركیا ھێزەكانیان بە یاوەری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی نزیك لە ئەنقەرە لە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان دەست بە ئوپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رەققە دەكەن.

پلانی یەكەم

بە پێی پلانی یەكەمی توركیا، ھێزەكانیان لە گرێ سپی دێنە ناو رۆژئاوای كوردستان و راستەوخۆ بەرەو شاری رەققە دەچن و گروپە چەكدارەكانی ھاوپەیمانی ئەنقەرە لە چوارچێوەی سوپای ئازاد بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە دەبن و توركیا بە ھۆی ئەوەی ئەم پلانە ناوچە كوردییەكانی ژێر دەسەڵاتی كورد دەكاتە دوو بەشەوە،  بەگرنگ دەزانێت.

پلانی دووەم

پلانی دووەمی توركیا لە ناحیەی باب دەستپێدەكات، بەڵام لە جیاتی ئەوەی كە لە باشووری رۆژھەڵاتی شارەكە راستەوخۆ لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریا بەرەو رەققە بچێت، لە باكووری رۆژھەڵات بەرەو شاری منبجی ژێر دەسەڵاتی  ئەنجومەنی سەربازی منبجی سەر بە ھێزەكانی سوریای دیموكراتی دەچێت و ئەوجار بەرەو رەققە شۆڕدەبێتەوە. ھەربۆیە داوای كشانەوەی ھێزەكانی یەپەگە لە رۆژئاوای فورات بە پێویست دەزانێت.

ھەرچەندە ھیچ ئاماژەیەك بە ھەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی پێداگری توركیا بۆ بەشداریكردنی ھێزەكانی و گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئەنقەرە لە شەڕی رەققە نەكراوە، بەڵام ئەمریكا بە پێی پلانی پێشووی خۆی بەردەوامە لەسەر پشتگیری كردنی ھێزەكانی سوریای دیموكراتی كە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستی بە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوراتی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە.

پلانەكانی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققە
پلانەكانی توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری رەققە

ئەنقەرە بۆ جێبەجیكردنی پلانەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە پێداگری لە سەر پێویستی بەشداریكردنی 9 تا 10 ھەزار چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەكات، جگە لە ھێزەكانی خۆی و ئەمریكا.

سەرچاوەكە باس لەوە دەكات ئێستا 2500 چەكداری ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەی باب ھەن و 8 ھەزار دیكەشی لە كەمپەكانی ناو توركیا مەشق و راھێنانیان پێ دەكرێت.

دەشڵێت ھەردوولا پاش كۆبوونەوەی ئینجیرلیك راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن و پێشكەش بەھەر یەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆك كۆماری توركیا دەكەن، پێش ئەوەی پێكەوە كۆببنەوە.

پلانەكانی توركیا لە كاتێك دایە كە ھێزەكانی سوریای دیموكراتی لە سێ قوناغی ئۆپەراسیۆنەكەیان بە پشتگیری ھاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا زۆرێك لە ناوچەكانی دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵ كردووە و لە ھەندێ شوێنیش 10 كیلۆمەترێك لە  شارەكە نزیكبوونەتەوە.

وەزیری بەرگری بریتانیا مایكل فاڵن رۆژی 11 شوباتی 2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ھەولێر رایگەیاند تا وەرزی بەھاری داھاتوو شاری رەققە بە تەواوەتی ئابلۆقە دەدرێت و پاشان ھێرش بۆ سەر خودی شارەكە دەستپێدەكرێت.

JS