كوڕه گه‌وره‌ى بابه‌شێخ له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى ئێران داواى لێبوردن ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
سه‌مير كوڕى گه‌وره‌ى بابه‌شێخى ئێزدييه‌كان داواى لێبوردن ده‌كات له‌و سه‌ردانه‌ى كه له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ك ئێزدى بۆ ئێران ئه‌نجاميدا و ده‌ڵێـت: "من هه‌ڵه‌بووم و په‌له‌م كرد". هاوكات جه‌ختيشى له‌سه‌ر ناسنامه‌ى كوردبوونى ئێزدييه‌كان و خه‌باتيان له پێناو كوردايه‌تيدا كرده‌وه.
له روونكردنه‌وه‌يه‌كدا كه وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان24 نێردراوه، سه‌مير بابه‌شێخ ده‌ڵێت: "پێش هه‌ر روونكردنه‌وه‌يه‌ك، داواى لێبوردن له هه‌موو ئه‌و دۆست و هه‌ڤاڵانه ده‌كه‌م، كه به هۆى سه‌فه‌رى ئێرانه‌وه دڵيانم ئێشاندبێت. به راستى زۆر پرسيار له باره‌ى به‌شدارى ئێمه له‌و شانده‌ى كه به ناوى ئێزدييه‌كان له به‌غداوه چوونه ئێران درووست بوون". هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "بۆ ئه‌وه‌ى هيچ گومان و دوو دڵييه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى ئێمه درووست نه‌بێت، ده‌ڵێم من بۆ كارى تايبه‌تى خۆم سه‌ردانى به‌غدام كردبوو بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌ڵمانيا بكه‌م و له‌به‌غدا گرووپێك ئێزديم بينيى كه ده‌يانويست بچنه ئێران و زۆر داوايان لێكردم له‌گه‌ڵيان بچم و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى من زۆرتر بايه‌خ به كارى كۆمه‌ڵايه‌تى و ژيانى رۆژانه‌ى ئێزدييه‌كان ده‌ده‌م، شانده‌كه به منيان وت بۆ كارێكى مرۆيى و روونكردنه‌وه‌ى ئێش و ئازارى ئێزدييانه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران و مێژوو و ئاين و باوه‌ڕى ئێزدييه‌كان ده‌خه‌ينه‌ڕوو".
سه‌مير بابه‌شێخ له روونكردنه‌وه‌كه‌يدا به روونى دانى به‌وه‌دا ناوه هه‌ڵه‌ى كردووه و نووسيويه‌تى: "دان به‌وه‌دا ده‌نێم كه په‌له‌م كرد و هه‌ڵه‌شم كرد و له‌به‌ر دوو هۆكار: يه‌كه‌ميان: پێكهاته‌ى شانده‌كه له‌و ئاسته نه‌بوون و ئێزديى ئه‌وان به نوێنه‌رى خۆيان نازانن و دووه‌ميش: نه له لايه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم و نه له ئه‌نجوومه‌نى رووحانى و نه له بابه شێخيش مۆڵه‌تم وه‌رنه‌گرتبوو. هه‌موو لايه‌ك بزانن ئێمه هيچ كاتێك خيانه‌ت له كوردستان ناكه‌ين".
هه‌روه‌ها هاتووه: "ره‌نگه هه‌ندێك كه‌سى ناو شانده‌كه ناو و ئاماده‌بوونى ئێمه‌يان بۆ مه‌به‌ستى تايبه‌تى خۆيان و زيان گه‌ياندن به كوردستان به كار هێنابێت، به‌ڵام ئێمه هيچ جارێك خيانه‌ت له نيشتمانى خۆمان ناكه‌ين و قبووڵ ناكه‌ين زيان به په‌يوه‌ندى به هێزى ماڵباتى ئێمه و سه‌رۆكى كوردستان بگات. هه‌روه‌ها قبوڵيش ناكه‌ين ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته مه‌ترسييه‌وه و هه‌ر كارێك زيان بگه‌يه‌نێت به ماڵباتى ئێمه و كوردايه‌تى، بۆ ئێمه هێڵى سووره".
له به‌شێكى ديكه‌ى روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه: "ماڵباتى ئێمه سه‌ربڵنده به پێشه‌نگى كوردايه‌تى و كولتوورى كوردستانى و هه‌ر له دێرزه‌مانى باپيرانمانه‌وه و له مێژووى نوێشدا باپيرى ئێمه بابه‌شێخ حاجى ئيسماعيل يه‌كه‌م كه‌س بوو له‌گه‌ڵ مه‌لا ئه‌نوه‌رى مائى يه‌كه‌م شانه‌ى حزبى هيوايان له بادينان و ئێزديخان پێكهێنا و مێژووى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش گه‌واهى ئه‌و راستييه ده‌دات كه پشكى ماڵباتى ئێمه له خه‌بات و به‌رخودان و زيندان و نه‌فيكردن و كۆچپێكردن و ئاواره‌يى چه‌ند بووه له لايه‌ن ده‌زگاكانى رژێمى به‌عسه‌وه و ئێمه قوربانييه‌كى زۆر و شه‌هيدى قاره‌مانى زۆرمان به‌خشيوه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ئێمه رۆژگارێك سازشمان له‌سه‌ر كوردبوونى خۆمان نه‌كردووه و شانازيمان پێوه كردووه، باپيرى ئێمه‌ش بابه شێخ حاجى ئيسماعيل هه‌ڤاڵى نزيكى بارزانى نه‌مر بووه".
له كۆتايى روونكردنه‌وه‌كه‌شيدا سه‌مير بابه‌شێخ باسى له‌وه كردووه، "شه‌هيد ئيدريس بارزانى و كاك مه‌سعوود بارزانى له ده‌ستپێكى رێككه‌وتنى ئادارى (1970) به نوێنه‌رايه‌تى بارزانى نه‌مر سه‌ردانى ماڵى ئێمه‌يان كرد و په‌يوه‌ندى نێوان بارزانى نه‌مر و ماڵباتى ئێمه زۆر بوو. بۆ به‌ڵگه‌ى كوردستانى بوونى ماڵباتى ئێمه‌ش ته‌نيا به‌سه ئه‌وه بڵێين كه باپيرى ئێمه له سه‌رژمێرى 1977 دا داواى له خوا كردووه بمرێت پێش ئه‌وه‌ى خۆى به عه‌ره‌ب تۆمار بكات. بۆيه رايده‌گه‌يه‌نم بۆ هه‌موو دۆسته‌كانمان و پشتڕاست بن ئێمه به‌رده‌وام ده‌بين بۆ خزمه‌تى ئێزديايه‌تى و كوردستان".
رۆژى 24ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017، شاندێكی كوردانی ئێزدی شنگال و دەورووبەری لەگەڵ راوێژكارى رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبوونەوە، بۆ درووستكردنی پارێزگایەك بۆ ئێزدییەكان داوای پشتیوانیان لە ئێران كرد.
شانده‌كه، لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سیاسەتی دەرەوە كۆبوونەوە.
شاندەكە پێكھاتبوو لە نوێنەری ئێزدییەكان لەناو حەشدی شەعبی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی عێراق و ژمارەیەك كەسایەتی دیكەی كوردی ئێزدی.
لەو كۆبوونەوەیەدا شاندەكە داوایان لەبەرپرسانی ئێران كردووە كە یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی شنگال بكرێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ.
دواى سه‌ردانه‌كه، بابه‌شێخ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی رۆحانی ئێزدییان له لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان 24 بێ ئاگایی خۆی له چوونی شاندێك به ناوی كوردانی ئێزدی بۆ ئێران ده‌ربڕی و گووتیشی: "ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی ئێزدیان ناكه‌ن و قه‌بووڵیش ناكه‌ن كه‌س به ناوی ئه‌وان و بێ ئاگاداری ئه‌وان به ناوی ئێزدیان قسه بكه‌ن".
بابه شێخ گوتيشى: "پێویسته شنگال و ناوچه‌كانی ئێزدیان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".