ترەمپ 60 ھەزار دۆلار لە كوەیت دەستێنێت

ئەو پارەیە دەبەخشێتە خزێنەی گشتی ئەمریكا

K24 - ھەولێر

حكومەتی كوەیت 60 ھەزار دۆلاری داوەتە ھۆتێلی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە واشنتۆن بۆ مێوانداریكردنێك، كە تاقیكردنەوەی بەڵێنی ترەمپە بۆ گەڕاندنەوەی قازانجی ئەو مێواندارییانە بۆ خزێنەی گشتی ئەمریكا.

رویتەرز بڵاوی كردەوە، باڵیۆزخانەی كوەیت لە واشنتۆن میوانداری رۆژی نیشتمانییەكەی لە ھۆتێلی ترەمپ كرد كە سەدان كەس بەشدار ببوون و 40 ھەزار تا 60 ھەزار دۆلار تێچووی ھەبووە.

یەكێ لە پارێزەرانی ترەمپ، شێری دیلۆن مانگی كانوونی دووەمی رابردوو لە پرێس كۆنفرانسێك رایگەیاند ھەر قازانجیكی ھۆتێلی ترەمپ لە حكومەتەكانی بیانی بۆ خزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە.

كۆشكی سپی و ئالان گارتێن راوێژكاری گشتی بۆ دامەزراوەی ترەمپ وەڵامی ئەوەیان نەدایەوە كە ھەر جورە قازانجێكی ھۆتێلی ترەمپ لە حكومەتەكانی بیانی دراوەتە خزێنەی گشتی.

باڵیۆزی كوەیت لە واشنتۆن پێدانی پارەی بە ھۆتێلی ترەمپ پشتڕاست كردەوە بۆ چوار مێوانداری پێشوو، بێ ئەوەی بڕەكەی ئاشكرا بكات، تەنیا ئاماژە بە میوانداریكردنی 500 تا 600 كەسی كرد.

گروپێكی چاودێری كە لە لایەن پارێزەرانی پێشووی باراك ئۆباما و جۆرج بوش سەرۆكەكانی پێشووی ئەمریكا بەڕێوە دەبرێت سكاڵای دژی ترەمپ تۆمار كردووە، بە تۆمەتی ئەوەی دەستووری وڵاتی پێشێل كردووە بەھۆی رێگەپێدان بە وڵاتانی بیانی پارە بدەنە ئەو بازرگانییەی كە بۆ خۆی خاوەنییەتی.

دەشڵێن ئەگەر ترەمپ تەنانەت ئەم پارەیەش ببەخشرێتە خزێنەی گشتی، ھەر پێشێلكاریی دەستوووە، كە ھەر جورە وەرگرتنی دیاری، مووچە، ئۆفیس یان ھەر جورە تایتلێك لە پاشا، پرێنس یان وڵاتانی بیانی قەدەغە كردووە.

ھەر لەمبارەوە ئاماژە بەوە دەكەن تەواوی داھاتەكانی ئەو جورە رووداوانە، تەنیا قازانج نییە، پێویست ناكات ببەخشرێتە خزێنەی گشتی ئەمریكا بۆ پێشیگرتن بە پێشێلكردنی قەدەغەیی دەستوور.

ترەمپ لە مانگی شوبات دەستی لە پۆستەكەی لەو كۆمپانیایە ھەڵگرت كە ھۆتێلی ترەمپ بەڕێوە دەبات.

چوار پەرلەمانتاری دیموكراتەكان رۆژی 16 شوبات داوایان لە بەرپرسانی حكومەت كرد ئاشكرا بكەن ئایا ھیچ قازانجیك لە ھۆتێلی ترەمپ دراوە بە خزێنەی گشتی یان نا.

JS