بارزانی ئەمڕۆ سەردانی توركیا دەكات

پەیامنێری كوردستان24 لە ئیستانبوڵ: بارزانی لە ئیستانبوڵ لەگەڵ ئەردۆغان و رۆژی دواتریش لە ئەنقەرە لەگەڵ یلدرم كۆ دەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئەمرۆ یەكشەممە 26 شوباتی 2017 سەردانی توركیا دەكات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەم وڵاتە كۆ دەبێتەوە، پاش ئەوەی لە 53مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونش لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری بەرپرس و نوێنەرانی بەشداری كۆنفرانسەكە كۆبووەوە.

پەیامنێری كوردستان لە ئیستانبوڵ رایگەیاند بارزانی كاتژمێر 13:30 دەگاتە ئیستانبوڵ و چاوەڕوان دەكرێت كاتژمێر 15:00 لەگەڵ سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆ ببێتەوە، كە پرسی سەربەخۆیی، شەڕی داعش، ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ و رەققە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوولا لە تەوەرە گرنگەكانی كۆبوونەوەكەیان دەبێت.

بڕیاریشە ئەمشەو بگاتە ئەنقەرەی پایتەخت و رۆژی دووشەممە لە لایەن سەرۆك وەزیرانی توركیا بیناڵی یلدرم پێشوازی لێ بكرێت.

لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە سەردانەكە و دووپاتیدەكەنەوە ھەرێمی كوردستان ژمارەیەكی گرنگە لە ھاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە.

بارزانی سێ رۆژ بەر لە سەردانەكەی بۆ توركیا داوای كرد سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی ھەدەپە و ھاورێیانی ئازاد بكرێن، "لە پێناو پرۆسەی ئاشتی لە توركیا زۆر گرنگە دەمیرتاش و ھەڤاڵەكانی ئازاد بكرێن".

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پاش تەواوبوونی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ سەرۆكی ئەم وڵاتە فرانسوا ئۆلاند كۆبووەوە.

JS