ئەحمەد تورك: بارزانی داوای ئازادكردنی دەمیرتاشی كردووە

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی دەبەپە كۆبووەوە
kurdistan24.net

K24 - ئەنقەرە

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی پارتی ھەرێمە دیموكراتییەكان (دەبەپە) لە ئەنقەرە كۆبووەوە.

ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی پارتی ھەرێمە دیموكراتییەكان )دەبەپە( كۆبووه‌وه‌ كە پێكھاتبوون لە ئەحمەد تورك سیاسەتمەدار و شارەداری پێشووی مێردین و سری ساكیك، شارەداری ئاگری.

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەحمەد تورك، باسی لە رۆڵی بارزانی كرد لە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و  رایگەیاند: "سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، داوای ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) كردووە".

 

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 سری ساكیك، شارەداری ئاگری گوتی: "بارزانی كاریگەری لەسەر كورد و تورك ھەیە".

داواشی كرد شەڕ و كێشەكانی لە توركیا بە گفتوگۆ و ئاشتی چارەسەر بكرێت و ھاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی ھەدەپە ئازاد بكرێن.

 

په‌یامنێری كوردستان24 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ رایگه‌یاند، هه‌ر ئەمڕۆ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ بیناڵی یڵدرم‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ لە كۆشكی چانكایا كۆده‌بێته‌وه‌ و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا تاوتوێ دەكەن.

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دوێنێ سه‌ردانی توركیای كرد و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتورك له‌ ئیستانبوڵ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا، به‌ ئاڵای كوردستان پێشوازی لێكرا و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.

ئەحمەد تورك: بارزانی داوای ئازادكردنی دەمیرتاشی كردووە
ئەحمەد تورك: بارزانی داوای ئازادكردنی دەمیرتاشی كردووە