سێ پارتی باكووری كوردستان ریفراندۆمەكەی توركیا بایكۆت دەكەن

داوای دەستوورێكی دیموكراتیك و فیدراڵی دەكەن كە پرسی كورد چارەسەر بكات

K24 - ھەولێر

ھەرسێ پارتی باكووری كوردستان، پارتی ئازادی كوردستان (پاك)، پارتی دیموكراتی كوردستان ـ توركیە (پەدەكە ـ باكوور) و پارتی سۆسیالیستی كوردستان (پەسەكە) ریفراندۆمی توركیا بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور بایكۆت دەكەن.

سەرۆكەكانی ھەرسێ پارتیی باكووری كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ئامەد ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی ریفراندۆمی دەستوور خستەڕوو، كە بڕیارە رۆژی 16 نیسانی داھاتوو ئەنجام بدرێت.

سەرتاچ بوجاك سەرۆكی گشتی پەدەكە ـ باكوور، مستەفا ئۆزچەلیك سەرۆكی گشتی پاك و مەسعود تەك سەرۆكی گشتی پەسەكە بە بایكۆتكردنی ریفراندۆمی دەستوور پێداگریان لەسەر دەستوورێكی دیموكراتیك و فیدراڵ كرد و داواشیان كرد بەر لە ھەر شتێك پرسی كورد و كوردستان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە چارەسەر بكرێت، ھەربۆیە بڕیاریاندا ریفراندۆمی دەستوور بایكۆت بكەن.

پرۆژەی ھەمواركردنەوەی 18 مادەی دەستوور بە ھاوبەشیی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەھەپە) ئامادە كرا و رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوولا پەسندكرا.

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 10 شوباتی رابردوو یاسای ھەمواركردنەوەی دەستووری ئیمزا كرد و بۆ حكومەتی نارد و رۆژی 16 نیسانی داھاتوو دەخرێتە بەر دەنگدانی گشتی.

ھەر یەك لە پارتی دیموكراتیكی گەلان (ھەدەپە) و پارتی كۆماری گەل (جەھەپە) دژی ریفراندۆمی دەستوور دەنگ دەدەن. ھەدەپە دوو رۆژ بەر لە ئێستا درووشم و موزیكی خۆی بۆ رەتكردنەوەی ریفراندۆم بڵاوكردەوە.

بە پێی ئەو راپرسیانەی تا ئێستا كراون، زۆربەی دەنگدەرانی توركیا بە جیاوازییەكی كەمەوە بە دەنگی "نا" بەشداری لە ریفراندۆمی ھەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن.

JS