بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانی پەکەکە کۆدەبنەوە

دەیانەوێت گرژییەكانی خانەسۆر بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان پێشمەرگە و پەكەکە لە خانەسۆر ئەمڕۆ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانی پەکەکە کۆدەبنەوە.

دوێنێ دوای پێکدادانی پێشمەرگە و پەکەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدرا و هەردوولا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە خانه‌سۆر رێککەوتن.

له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌ی دوێنێی ‌نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ و هێزەکانی "پەکەکە" لە ناوچه‌ی خانەسۆر له‌ سنوونێ روویدا، مەحما خەلیل قایمقامی شنگال به‌ كوردستان24راگه‌یاند، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێرە و ئەمڕۆش کۆبوونەوەکانی نێوان پێشمەرگە و پەکەکە بەردەوام دەبن.

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ و هێزەکانی "پەکەکە" لە ناوچه‌ی خانەسۆر له‌ سنوونێ روویدا و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش لەو ناوچەیە رایگەیاند هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچەیە کشاونەتەوە.

لەبارەی رەوشی ئەمڕۆی ناوچەكە پەیامنێری كوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ رەوشی ناوچەكە ئارامە و دوكان كراونەتەوە و خەڵكی خەریكی كاری رۆژانەی خۆیانن".