ئەمریكا ھێزی زیاتر بۆ شەڕی رەققە رەوانەی سوریا دەكات

ئەمریكا بە كۆپتەر و تۆپخانەكانی بەشداری لە شەڕەكە دەكات

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) داوای زیادكردنی ژمارەی سەربازەكانی لە سوریا دەكات بۆ بەشداریكردن لە شەڕی رزگاركردنی شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاوی كردەوە، سوپای ئەمریكا بە گرنگی بەشداری لە شەڕی رەققە دەكات، لەوانە ژمارەی ھێزە تایبەتییەكانی زیاتر دەكات، چەك دەداتە شەڕڤانانی كورد و عەرەب و ھەروەھا بە كۆپتەر و تۆپخانە بەشداری لە شەڕەكە دەكات و ئاستەنگەكانی سەردەمی ئۆباما بۆ ئەم مەبەستە كەم دەكات.

ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 لە لایەن ھێزەكانی سوریای دیموكرات دەستیپێكرد و لە سێ قوناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری شاری رەققە كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر.

ھاپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بە پێدانی چەك و مەشق و راھێنانی سەربازی و پشتگیری ھەوایی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە كردووە.

بەپێی ئەم داواكارییەی پنتاگۆن ھێزەكانی ئەمریكا بە شیوەیەكی چالاكتر بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن، بێ ئەوەی راستەوخۆ بەشدار ببن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاش ئەوەی رۆژی 20 كانوونی دووەمی 2017 سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بوویە سەرۆك، رۆژی 27 ئەو مانگ سەردانی وەزارەتی بەرگری كرد و داوای لە فەرماندە سەربازییەكان كرد لە ماوەی 30 رۆژدا بژاردەیەكی نوێ بۆ شەڕی دژی تیرۆر ئامادە بكەن.

ترەمپ ھەر لەم سەردانەدا داوا لە وەزیری بەرگری جەیمس ماتیس كرد پلانێك ئامادە بكات بۆ ئەوەی گورزی توندتر لە داعش بوەشێنن، لەوانە بەكارھێنانی تۆپخانەكانی ئەمریكا و بەشداری پێكردنی كۆپتەرە جەنگییەكان بۆ ھێرشكردنە سەر شاری رەققەی پایتەختی داعش".

وەزیری بەرگری بریتانیا مایكل فالن رۆژی 11 شوباتی 2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ھەولێر رایگەیاند "ھیوادارین تا وەرزی بەھاری داھاتوو شاری رەققە بە تەواوەتی ئیزۆلە بكرێت، كە پاشان ھێرش بۆ ئازادكردنی بۆ سەر خودی شارەكە دەستپێدەكرێت".

توركیا بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری داعش دوو پلانی خستبووە بەردەم ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. بۆ جێبەجیكردنی پلانەكانیشی  پێداگری لە سەر پێویستی بەشداریكردنی 9 تا 10 ھەزار چەكداری ئۆپۆزسیۆنی سوریای كرد، جگە لە ھێزەكانی خۆی و ئەمریكا.

رۆژنامەی حورییەتی توركی بڵاوی كردەوە لە كۆبوونەوەی رۆژی 17 شوباتی 2017 لە بنكەی سەربازی ئێنجیرلیك، فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی توركیا خلوسی ئاكار دوو پلانی وڵاتەكەی بۆ كۆنترۆڵكردنی رەققە بۆ فەرماندەی سوپای ئەمریكا جۆزێف دانفۆرد شیكردەوە، كە ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەكە لە ئینجیرلیك دەبێت.

لە پلانە نوێیەكەی پنتاگۆن بۆ شەڕی رەققە ھیچ ئاماژەیەك بەم بوارە نەدراوە و تەنیا باس لە زیاتركردنی ھێزەكانی ئەمریكا كراوە، كە ئێستا ژمارەیان دەگاتە 500 سەرباز و ھەروەھا ناردنی چەك بۆ ھێزەكانی سوریای دیموكرات كە بەشدارن لە شەڕی رەققە و بەكارھێنانی كۆپتەر و تۆپخانەكانی سوپای ئەمریكا بۆ ئەم شەڕە و كەمكردنەوەی ئاستەنگەكانی سەردەمی ئۆباما لە بواری ھێزی سەربازی.

JS