لایه‌نگرانی په‌یه‌ده ماڵێك ده‌سووتێنن
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی دوو جار هه‌وڵیانداوه باره‌گاكه گڕتێبه‌ربده‌ن،لایه‌نگرانی پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" له سه‌رێ كانێی رۆژئاوای كوردستان، ماڵێك له ته‌نیشت باره‌گاكه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا ده‌سووتێنن.
لیژنه‌ی راگه‌یاندنی رێكخراوی سه‌رێ كانی رایگه‌یاند" كاتژمێر یه‌كی دوای نیوڕۆ، لایه‌نگرانی په‌یه‌ده به رێگه‌ی مۆلۆتۆف، جارێكی دیكه هه‌وڵی سووتاندنی باره‌گایه‌كی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا ده‌ده‌ن، به‌ڵام مۆلۆتۆفه‌كه شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی باره‌گاكه‌ی نه‌بڕیووه و كه‌وتووه‌ته یه‌كێك له ماڵه‌كانی ته‌نیشت باره‌گاكه‌وه، به‌وهۆیه‌شه‌وه ماڵه‌كه ئاگری گرتووه.
به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ناوچه‌ی حزبه‌كه به ناوی عه‌بدولحه‌مید خه‌لیل، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كه‌كه‌دا به زوویی ئاگره‌كه‌یان كوژاندووه‌ته‌وه و نه‌یانهێشتووه ته‌شه‌نه بكات.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه لایه‌نگرانی په‌یه‌ده هه‌وڵی سووتاندنی باره‌گاكانی ئه‌و حزبه ده‌ده‌ن و به تایبه‌تی له‌م دواییانه‌دا هێرشكردنه سه‌ر باره‌گانی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا له رۆژئاوای كوردستان زیادیكردووه.