ھێزەكانی عێراق دوو گەڕەكی دیكە لە رۆژئاوای موسڵ كۆنترۆڵ دەكەن

داعش زیانێكی زۆری گیانی و كەرەستەی سەربازی بەركەوت

K24 - ھەولێر

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ رایگەیاند ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ ھەردوو گەڕەكی "نەبی شیت" و "عگێدات"یان لە موسڵ كۆنترۆڵ كرد.

فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی ھەردوو گەڕەك، داعش زیانێكی زۆری گیانی و كەرەستەی سەربازی بەركەوت و ئاڵای عێرا لە بیناكانی بەرز كرایەوە.

ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.

پۆلیسی فیدراڵ رۆژی 24 شوباتی 2017  كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵی راگەیاند، كە رۆژی پێشتر بنكەی سەربازی غەزلانیان كۆنترۆڵكردبوو.

رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن.

ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە 17 تشرینی یه‌كه‌می 2016 به‌ به‌شداری 100 هه‌زار كه‌س له‌ هێزه‌كانی عێراقی و كوردستانی ده‌ستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.

JS