ئەردۆغان ھۆلەندا بە پاشماوەی نازییەكان تۆمەتبار دەكات

ھۆلەندا رێگەی ھاتنە ژوورەوەی بە وەزیری دەرەوەی توركیا نەدا

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە توندی رەخنە لە حكومەتی ھۆلەندا دەگرێت و بە فاشیزم و پاشماوەی نازییەكان تۆمەتباری دەكات و ھەڕەشەی راگرتنی گەشتی ئاسمانی نێوان توركیا و ھۆڵەنداشی كرد.

ئەم هەڕەشانەی ئەردۆغان پاش بڕیارێكی ئەمڕۆی حکومەتی هۆڵەندا ھات، کە رێگرییان لە چوونی مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد بۆ شاری رۆتێردام بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی تورکەکان تایبەت بە پشتگیریکردنیان لە ریفراندۆمی دەستووری تورکیا.

ئەردوغان ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر حکومەتی هۆڵەندا لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بێت، ئەوا ئەنقەرە ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری بەسەر هۆڵەندا دەسەپێنێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغلو بەر لەوەی سەردانی ھۆلەندا بكات گوتی سەرباری ئەوەی رایانگەیاندووە رێگە بە نیشتنەوەی فڕۆكەكەم نادەن، بەڵام من ھەر دەچم و ئەگەر ریگەشیان نەدا، ئەوا زۆر بە قورسی بەسەریان دەشكێتەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغلو
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغلو

چاوشئۆغلو ھەروەھا گوتی "لە ھۆلەندا ویلدێرزێكی نەژادپەرستی و فاشیست ھەیە وەك نازی. وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا دەچێتە ھۆلەندا، بە ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆكە ھەڕەشە لە وەزیری دەرەوەی كۆماری توركیا دەكەن، ئەمڕۆ دەچمە رۆتێردام. ئەگەر ھۆلەندا موڵەتی نیشتنەوەی فڕۆكەكەم نەدات، ئەوا وەڵامدانەوەمان لە بواری ئابووری و سیاسی زۆر قورس دەبێت".

لە ماوەكانی رابردوو بەھۆی رێگەندان بە سێ وەزیری توركیا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی توركی لە ئەڵمانیا، شەڕەقسەی نێوان بەرپرسانی ھەردوولا لێكەوتەوە و سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەڵمانیای بە نازیسم تۆمەتبار كرد.

JS