پارەی گەنمی جوتیاران خەرج دەكرێت

K24 - ھەولێر

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاردرا، حكوومەتی عێراق پابەند بكرێت بە خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران و پارەی جوتیارانی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت.

خۆشەوی خەلیل، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو لە پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەسەر پێشنیاری فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بابەتی خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیاران خرایە بەرنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، دوای گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە بڕیاردرا، حكوومەت پابەند بكرێت بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق".

گوتیشی: "لە ماوەیەكی نزیكدا بڕیارەكە لە پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێكردن رەوانەی حكوومەتی عێراق دەكرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات  پارەكە خەرج بكرێت و بەسەر جوتیاران دابەش بكرێت".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر بڕیاربوو بە بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان تەنھا 17% خەرج بكرێت".