هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان داوای فڕۆكه‌وانه‌كه ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك له هاووڵاتیانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، له 29 یه‌مین ساڵڕۆژی كیمیابارانكردنی شاره‌كه‌یاندا، خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان به‌ڕێوه‌برد و داوایانكرد، ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ی بۆردوومانی شاره‌كه‌ی كردووه بهێنرێته‌وه به‌رده‌م یاسا و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان، نه‌ك فڕۆكه شكاوه‌كه، كه پێش چه‌ند رۆژێك گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه شاره‌كه.
خۆپیشانداران درووشمی له شێوه‌ی " كوا فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی؟" و "كێ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ی ئازادكرد"یان به‌رزكردبووه‌وه و له كاتی قسه‌كردنیان بۆ كوردستان24 ده‌یانگووت" خه‌ڵكی شاره‌كه تارق ره‌مه‌زانی فڕۆكه‌وانیان ده‌وێت كه پێش چه‌ند ساڵێك به بڕیاری به‌رپرسێكی باڵا له سلێمانی ئازادكرابوو، نه‌ك فڕۆكه شكاوه‌كه".
پێشتر هێزێكی ئه‌منی ئه‌و شاره له كاتی رووماڵكردنی ئه‌و خۆپیشاندانه‌دا هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر تیمی كوردستان24 و كامێراكه‌یان بردن و كه‌لوپه‌له‌كانیان لێسه‌ندبوون و رێگه‌یان نه‌دابوو هیچ وێنه‌یه‌كی ئه‌و خۆپیشاندانه بڵاوبكرێته‌وه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ چالاكییه‌كانی ساڵیادی كیمیابارانكردنی شاره‌كه نیگه‌رانی چه‌ند پارت و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌دواداهات و به‌رپرسه‌كانیان به‌هۆی هه‌ستكردن به سوكایه‌تی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی شاره‌كه‌وه ، بۆنه‌كه‌یان جێهێشتبوو.