پەیامنێرەكەی كوردستان تی ڤی دوای بەھۆشھاتنەوە بۆ كوردستان24 دەدوێت
K24 - ھەولێر
دوای دوو رۆژ لە ھێرشكردنەسەری لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی نەشمیل محەمەد پەیامنێری وەرزشی كوردستان تیڤی ھاتووەتەوە ھۆشخۆیی و لەبارەی رووداوەكە بۆ كوردستان24 دەدوێت.
نەشمیل محەمەد بە كوردستان24 گوت: "بۆ رووماڵكردنی یارییەكی خولی كوردستان، وەك ھەر رۆژنامەنووسێكی دیكە چووم تا ئەركی خۆم جێبەجێ بكەم، لە رێگەی پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان ھێرشێكی نەشیاوم كرایەسەر، دوای دوو رۆژ ئێستا ھۆشم ھاتووەتەوە".
گوتیشی: "لەوكاتەی كە خەریكی رووماڵی یارییەكە بووم پۆلیسێكی چالاكییە مەدەنییەكان، من گرت و چەند جارێك بە ستوونێك ئاسندادام، ئیتر لەوساتە ھێرشم كرایەسەر ئاگاداری ھیچ نەبوومە نازانم چیم بەسەرھاتووە".
لەسەر ئەو پێشێلكارییە لە راگەیەندراوێكدا لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان،ھێرشكردنە سەر نەشمیل محەمەد پەیامنێری وەزرشی كەناڵی كوردستان تیڤی، لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی سەركۆنە دەكات و داواش لە دەزگا بەرپرسەكانی سلێمانی دەكات ھێرشكەرەكان بدرێنە دادگا.
لە راگەیەندراوەكەی لیژنه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ھاتووە: "رۆژی پێنجشەممە لەیاری نێوان یانەی نەورۆزو شێروانە لەلایەن هێزی چالاكییە مەدەنیەكانی شاری سلێمانی هێرشكراوه‌ته سەر چەند رۆژنامەنوسێک و به‌و هۆیه‌شه‌وه نەشمیل محەمەد پەیامنێری وه‌رزشی کوردستان تی ڤی، کەوتە بەر لێدانی هێزی چالاکییەمەدەنییەکان و سەری بەر ستونێکی ئاسن کەوت و بێهۆش بوو".
ھەر لەو راگەیەنراوەدا ئەوە خراوەتەڕوو: "جاری یه‌كه‌م نییه له‌شاری سلێمانی رووداوی لەم شێوە روودەدەن، دا‌وا له ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری سلێمانی ده‌كه‌ین به‌ته‌نگ گیان و گره‌نتی ژیانی رۆژنامه‌نووسییه‌وه بن ئه‌م رێگرتن و هه‌ڵكوتانه سه‌ر خانمه رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی و هاوكاره‌كانی له شاری سلێمانی جگه له‌وه‌ی رێزنه‌گرتنه له ئازادی رۆژنامه‌نووسی و ئازادی بیرورا‌و له هه‌مان كاتدا پێشێلكردنی یاسای ژماره 35ی ساڵی 2007 رۆژنامه‌گه‌رییه له كوردستان دا‌وا له ده‌زگا به‌رپرسه‌كان ده‌كه‌ین له سلێمانی كه لێكۆڵینه‌وه له‌و روداوه بكرێ و تاوانبارن بدرێنه ده‌ستی دادگا".
به‌رپرسی نووسینگه‌ی سلێمانی كوسردستان تی ڤی رایگەیاندووە، په‌یامنێره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ وێنه‌گرێك، ویستوویانه رووماڵی یاری نێوان دوو یانه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام رێگرییان لێكراوه و دواتر لێیاندراوه و ئازار به سه‌ری ئه‌و كچه په‌یامنێره گه‌یشتووه.
ھەر لەسەر ئەو پێشلێكارییەی لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی سلێمانی بەرامبەر بەو رۆژنامەنووسە كراوە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیكردن لە رۆژنامەنووسان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئیدانەی دەستدرێژی و توندوتیژی بەرامبەر بە کچە رۆژنامەنووس نەشمیل محمد دەکات و رایدەگەیەنێت هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان هیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و وەک دوژمن مامەڵە لەگەڵ پەیامنێران و وێنەگری کەناڵەکان دەکەن.