پۆلیسی به‌لجیكا پلانێكی تیرۆریستی پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی میدیاكانی به‌لجیكا، پۆلیسی ئه‌و وڵاته، شۆفێرێكی ده‌ستگیركردووه، كه به نیازبووه به ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر، به‌ناو ئاپۆرای خه‌ڵك بكه‌وێت و كرده‌وه‌ی هاوشێوه‌ی شاری نیسی فه‌ره‌نسا و به‌رلینی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجام بدات.
پۆلیس رایگه‌یاندووه، ئه‌و شۆفێره، كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی هێناوه‌ته نزیك بازاڕی ئانتوێرپی به‌لجیكا، بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی هێرشه‌كانی نیس و به‌رلین، له‌نێو بازاڕه جه‌نجاڵه‌كه‌ی ئه‌و شاره، به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ناو ئاپۆرای خه‌ڵك بكه‌وێت، به‌ڵام توانیویانه ئه‌و شۆفێره ده‌ستگیر بكه‌ن.
فرانسوا هۆلاند، سه‌رۆكی فه‌ره‌نساش رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سه‌ی نیازی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كه‌ی هه‌بووه، هاووڵاتی فه‌ره‌نسایه، میدیاكانی به‌لجیكاش ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و پیاوه موسڵمانێكی توندڕه‌وه.
پێشتریش هێرشی هاوشێوه، له مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، له شاری نیسی فه‌ره‌نسا روویدا، له‌كاتێكدا خه‌ڵك بۆ ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی رۆژی پاستیل، له بازاڕێكی شاره‌كه‌دا كۆببوونه‌وه، به‌هۆیه‌وه نزیكه‌ی 84 كه‌س كوژران، دواتریش رێكخراوی داعش رایگه‌یاند، ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ی، كه ناوی محه‌مه‌د لحویج بوهیلاله و به ره‌چه‌ڵه‌ك توونسییه، یه‌كێكه له سه‌ربازانی رێكخراوه‌كه، ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ش، له شێوێنی رووداوه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه كوژرا.
له به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیاش، له مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوشێوه، ئه‌نجامدرا، كه به‌هۆیه‌وه 12 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 50 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون و دواتر شۆفێره‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌ڵمانیاوه كوژرا.
له ئێستاشدا رێكخراوی داعش، په‌نای بردووه‌ته به‌ر ته‌كنیكی جیاواز بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی تێرۆریستی، ئه‌ویش به‌كارهێنانی گه‌نجانه له دووره‌وه و له رێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه رێنماییه‌كانی پێده‌ده‌ن و ئه‌وانیش به ته‌نها كرده‌وه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، داعش‌یش به ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و جۆره كرده‌وانه ده‌ڵێت "الذئب المنفرد" یاخود گورگه وێڵه‌كان.