وه‌زیری ئابووری توركیا ئۆتۆمبێله ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی گۆڕی به ژاپۆنی
K24 - هه‌ولێر:
نیهاد زیبكچی، وه‌زیری ئابووری توركیا، ئۆتۆمبیله فه‌رمییه‌كه‌ی كه له جۆری (Mercedes) ئه‌ڵمانی بوو، گۆڕی و له جێگه‌ی ئه‌وه ئۆتۆمبێلێكی دروستكراوی ژاپۆنیی له جۆری (Lexus) كڕی، ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ش په‌یوه‌ندی به گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان توركیا و ئه‌ڵمانیاوه هه‌یه، كه به‌هۆی رێگه‌نه‌دان بۆ بانگه‌شكردنی به‌رپرسانی توركیا بۆ گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ستوور له نێوان هه‌ر دوو وڵات‌دا دروستبووه.
ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زیری ئابووری توركیا پاش ئه‌وه‌دراوه، كه ئه‌ڵمانیا رێگه‌ی نه‌دا زیبكچی له وڵاته‌كه‌یدا گردبووه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ توركه‌كان ئه‌نجامبدات. هاوكات رۆژنامه‌ی بێڵدی ئه‌ڵمانیش ده‌ستیكردووه به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ بۆ له كه‌داركردنی".
زیبكچی له وه‌ڵامی رۆژنامه‌واناندا كه ده‌رباره‌ی گۆڕینی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئاراسته‌یانكرد گووتی" وه‌ك وه‌زیرێكی توركیا ده‌خوازم ئه‌و ئۆتۆمبێلانه به‌كاربهێنم كه له توركیا به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، مه‌به‌ستم ئه‌و جۆره ئۆتۆمبێلانه‌ش نییه كه ته‌نها هی توركیایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه زۆر گه‌شت ده‌كه‌ین، پێویسته خێرا بڕۆین و زوو بگه‌ین، بۆیه ده‌بێت ئۆتۆمبێلێك هه‌ڵبژێرین كه ناوه‌وه‌ی فراوان بێت و كوالیتیان باش و گونجاوبێت".
وه‌زیری ئابووری توركیا ئه‌وه‌شی گووت" ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ئه‌ڵمانیا دروستیان ده‌كات، لای من هیچیان له‌وی دیكه باشترنین، هیوادارم ئۆتۆمبێلێك به‌كاربهێنم كه له كۆمپانیا و كارگه‌كانی توركیا به‌رهه‌م هێنرابێ و به ده‌ست و بازووی تورك دروستبكرێت".
پێش ماوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا رێگه‌یان له هه‌ر یه‌كه له "به‌كر بوزداگ" وه‌زیری دادی توركیا و "نیهاد زیبكچی" وه‌زیری ئابووری توركیا گرت و نه‌یانهێشت به‌شداری له‌و گردبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوانه‌دا بكه‌ن كه ده‌بوو له‌گه‌ڵ توركه‌كانی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامی بده‌ن و ده‌رباره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ستوور قسه‌یان بۆبكه‌ن.