عیرفان عەبدولعەزیز: ناونووسکردنی كورد لە ریزەكانی حەشدی شەعبی مەترسیدارە

"هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا لەسەر ئەوە كۆكن كە نابێت پەكەكە كێشەی شنگال ئاڵۆزتر بكات"

K24 - ھەولێر

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، ناونووسكردنی كورد لە ریزەكانی حەشدی شەعبی كارێكی مەترسیدارە، حەشدی شەعبی سوود لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایگەیاندووە: "خۆ ناونووسكردن بۆ ریزەکانی حەشدی شەعبی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، ئەم ناو نووسكردنە لە كەركووك و خورماتوو دەستی پێكرد، دواتر گەیشتە گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی. لە ئێستاشدا خەڵكی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان خۆیان ناونووس دەكەن بۆ ئەوەی‌ بچنە ریزەكانی حەشدی شەعبیەوە".

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "دەسەڵاتی كوردی هیچ پلانێكی نییە بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەوەی گەنجان بێ كارن و هۆكارێك نییە كە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بكەن، هەروەها هۆكارێك نییە تاوەكو بژێوی ژیانیان دابین بكەن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ریزەكانی حەشدی شەعبی".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "حەشدی شەعبی سوود لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان وەردەگرێت و دەزانێت كەسانێكی زۆر و گەنجانێكی زۆر بێكارن، ئەویش لە رێگەی كۆمەڵێك خەڵكەوە كاری ناونووسین بۆ ناو ریزەكانیان ئەنجام دەدات، هەروەها پلە و پۆستیان پێ دەدات تاوەكو خەڵكانێكی زۆر بەلای خۆیاندا رابكێشن".

رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەشڵێت: "ئەم كارە كارێكی مەترسیدارە و لە داهاتوودا ئەو گەنجانەی كە خۆیان ناونووس كردووە بۆ ناو ریزەكانی حەشدی شەعبی، لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەكاردەهێنرێنەوە دژبە كورد و كوردستان، ئەو كەسانەی كە كوردن و دەچنە ریزەكانی حەشدی شەعبیەوە لە رووی سیاسی و ئەمنیەوە كاریگەری تەواویان دەبێت، لەوەی پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان لە حكوومەتی عێراقدا لاواز دەبێت و لە داهاتوودا لە رووی ئەمنیەوە دە‌بێتە گرفتێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان".

ھەر لەو لێدوانە رۆژنامەوانیەدا لەبارەی بوونی ھێزەكانی پەكەكە شنگال، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێ: "كێشەی شنگال كێشەیەكی زۆر ئاڵۆزە، حكوومەتی عێراق و ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتوەكانیش رازی نین كە كێشەی شنگال ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز بكرێت، هەروەها سەرجەم هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئەمریكا لەسەر ئەوە كۆكن كە نابێت پەكەكە كێشەی شنگال ئاڵۆزتر بكات و دەستێوەردان بكات ، پەكەكە بەشێكە لە كێشەكانی شنگال".