به وێنه.. يه‌به‌شه پێشمه‌رگه‌يه‌كى سويدى له شنگال ده‌ڕفێنێت
K24 – هه‌ولێر:
له سنوورى شنگال هێزه‌كانى يه‌به‌شه‌ى سه‌ر به په‌كه‌كه پێشمه‌رگه‌يه‌كى خۆبه‌خشى سويديان رفاند، كه زياتر له ساڵێكه له دژى داعش په‌يوه‌ندى به ريزه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه كردووه.
رۆژنامه‌ى (ئافتۆن بلادت)ـى سويدى بڵاويكردووه‌ته‌وه، كه هاووڵاتييه‌كى سويدى به ناوى (تۆنى) كه ماوه‌ى زياتر له ساڵێكه به شێوه‌ى خۆبه‌خش له ريزى پێشمه‌رگه‌دايه، له لايه‌ن هێزه‌كانى يه‌به‌شه‌وه رفێندراوه.
برايه‌كى تۆنى به رۆژنامه‌كه‌ى راگه‌ياندووه، خێزانه‌كه‌يان زۆر نيگه‌رانن و هيوادارن به زووترين كات براكه‌ى ئازاد بكرێت.
براى تۆنى، ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، ته‌نيا ئه‌وه‌نده زانيارييان ده‌ستكه‌وتووه، كه تۆنى له لايه‌ن يه‌به‌شه‌وه له شنگال زيندانيكراوه و گوتيشى: براكه‌م بۆ هاوكارى كورد په‌يوه‌ندى به پێشمه‌رگه‌وه كردووه و بۆيه هيوادارم ئازادى بكه‌ن.
تۆنى پێشتر بۆ ماوه‌ى 3 ساڵ له ريزى سوپاى سويد خزمه‌تيكردووه و وه‌كو خۆبه‌خشێكيش زياتر له ساڵێكه په‌يوه‌ندى به هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه كردووه و له سنوورى شنگال ئه‌ركه‌كانى راپه‌ڕاندووه.