ئه‌مریكا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌سه‌د ده‌گۆڕێت
K24 – هه‌ولێر
باڵیۆزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووكان رایگه‌یاند واشنتۆن له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌رامبه‌ر سوریا ئێدی پێداگری له‌سه‌ر كار لادانی به‌شار ئه‌سه‌د له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته ناكات و به دوای چاره‌سه‌رییه‌ك ده‌گه‌ڕێت بۆ كوتاییهێنانی شه‌ڕ له سوریا.
رۆیته‌رو بڵاوی كرده‌وه نیكی هێلی به خستنه‌ڕووی سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی سوریا باسی له گۆڕینی كاره له پێشینه‌كانی ئه‌مریكا له سوریا كرد و گوتی ئیدی ئه‌وان پێداگری له‌سه‌ر رویشتنی ئه‌سه‌د ناكه‌ن.
هه‌ڵویستی ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر قه‌یرانی سوریا پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ئه‌وروپا و سیاسه‌تی پێشووی ئه‌مریكایه له سه‌رده‌می ئۆباما كه داوایان ده‌كرد پێویسته ئه‌سه‌د واز له ده‌سه‌ڵات بێهێنت و به رێگه‌خۆشكردنێك ده‌یانزانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سوریا كه شه‌ش ساڵه به‌رده‌وامه و به پێی دوایین ئاماری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ژماره‌ی په‌نابه‌رانی پێنج ملیۆن كه‌سی تێپه‌ڕاندووه.
نوێنه‌ری تره‌مپ له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌سه‌د گوتی پێمان وایه ئه‌سه‌د ده‌مێنێته‌وه و ئیدی ئه‌وان كار ناكه‌ن بۆ له‌سه‌ر كار لادانی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش باسی له توانایی ئه‌مریكای كرد بۆ ده‌ستپێكردنی گۆڕانكاری له سوریا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رێكس تلرسۆن له ئه‌نقه‌ره رایگه‌یاند خه‌ڵكی سوریا له‌باری ره‌وشی ئه‌سه‌د بڕیار ده‌ده‌ن.
تلرسۆن له كۆنگره‌یه‌كی هاوبه‌شی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ هاوتا توركه‌كه‌ی گوتی "پیم وایه خه‌ڵكی سوریا له‌ماوه‌ی درێژخایه‌ن چاره‌نووسی ئه‌سه‌د دیاری ده‌كه‌ن".
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی رایگه‌یاند به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له ئه‌وله‌وییه‌ت دایه، نه‌ك به‌كارهێنانی گووشار بۆ له‌سه‌ر كار لادانی ئه‌سه‌د.