په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك تاوتوێ ده‌كات

راپۆرتی دوو لیژنه‌ له‌باره‌ی ره‌وشی ئه‌منی شنگال ده‌خرێته‌ڕوو

K24 – هه‌ولێر

په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی ئاسایی رۆژی شه‌ممه‌ 1 نیسانی 2017 پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك و ره‌وشی ئه‌منی قه‌زای شنگال و راپۆرتی هه‌ردوو لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری، هه‌رێم و پارێزگاكان له‌مباره‌وه‌ تاوتوێ ده‌كات.

بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراق كاتژمێر 13:00 كۆ ببێته‌وه‌ و تاوتوێكردنی 12 بابه‌ت و پرۆژه‌ یاسا له‌ به‌رنامه‌ی كاره‌كانی دانراوه‌ كه‌ دووانیان تایبه‌ت به‌ پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركوك و ره‌وشی ئه‌منی شنگال.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رۆژی 28 ئاداری 2107 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی بڕیاریدا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر دامه‌زراو‌ و داموده‌زگا حكومییه‌كانی ئه‌م پارێزگا هه‌ڵبكرێت.

ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاردانه‌وه‌ی جیاواز لێكه‌وته‌وه‌. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پێشوازییان له‌م بڕیاره‌ كرد، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك و هه‌روه‌ها توركیا له‌ دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق باس له‌ چه‌ندین بابه‌ت و پرۆژه‌ یاسا ده‌خرێته‌ڕوو، له‌وانه‌ پرۆژه‌ یاسای پشووه‌ فه‌رمییه‌كان، پرۆژه‌ یاسای به‌سره‌ پایته‌ختی ئابووریی عێراق، پرۆژه‌ یاسای به‌ كرێدانی زه‌وی كشتوكاڵی، پرسیاركردن له‌ وه‌زیری ته‌ندروستی، پرسی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سته‌كانی به‌ وه‌كاله‌ت، سه‌ختیی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوونی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ وه‌زاره‌ته‌كان له‌ میانه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی چاودێری به‌پێی ده‌ستوور‌، پرۆژه‌ی یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای دامه‌زراوه‌ی شه‌هیدان، پرۆژه‌ یاسای ئه‌ندامێتی عێراق له‌ رێككه‌وتننامه‌ی كاری ده‌ریایی و رێككه‌تننامه‌ی ناسنامه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ده‌ریایی و دووه‌م پرۆژه‌ یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن.