4 هه‌زار چه‌كداری ئوردنی له ریزه‌كانی داعشدان
K24 – هه‌ولێر
راپۆرتێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا باس له بوونی نزیكه‌ی 4 هه‌زار ئوردنی له رێزه‌كانی چه‌كدارانی داعش له عێراق و سوریا ده‌كات كه له ساڵی 2011 تا ئه‌مرۆ به‌م رێكخراوه‌وه په‌یوه‌ست بوونه.
رۆژنامه‌ی "الغد" ئوردنی بڵاویكردوه به‌پێی راپۆته‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا، ئوردن پاش تونس دووه‌م وڵاتی چه‌كدارانی داعشه و هۆكاره‌كه‌شی بۆ كێشه درێژخایه‌نه‌كانی ئوردن له‌وانه هه‌ژاری، گه‌نده‌ڵی و نزمبوونی گه‌شه‌ی ئابووری و به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری و كۆچی هه‌زاران كه‌س بۆ گه‌ڕان به‌دوای ده‌رفه‌تی كار ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ده‌شڵیت ئابووریی ئوردن 2% گه‌شه ده‌كات و دانیشتوانی له ره‌وشی ئابووری ناڕازین.
ئاماژه‌شی به كێشه‌ی كه‌مبوونی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و بچووك بوونی پیشه‌سازیی ئوردن ده‌كات، كه به زۆری پشت به یارمه‌تی ده‌ره‌كی و گه‌شتیاری و پاره‌ی كرێكارانی خۆی له ده‌ره‌وه و كه‌رتی خزمه‌تگوزاری ده‌به‌ستێت.
راپۆرته‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات ئوردن به ده‌ست كێشه‌ی "كۆچی بژارده‌كانی" ده‌ناڵێنیت و حكومه‌ت كار ده‌كات بۆ پێشیگرتن به رۆیشتنی ئه‌و كرێكارانه‌ی خاوه‌ن پسپۆری و شاره‌زایین. ده‌شڵێت یه‌ك له‌سه‌ر سێی كارمه‌ندانی، مووچه‌خۆری كه‌رتی ده‌وڵه‌تن.
هۆكاری دیكه‌ی په‌یوه‌ستبوونی هاووڵاتیانی ئوردن به رێزه‌كانی داعش بۆ هاوكاری ئه‌منی و سه‌ربازی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و به‌شداریكردنی له شه‌ڕی دژی داعش له عێراق و سوریا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
له‌مباره‌وه ده‌لێت ئوردن رێگه به به‌كارهێنانی بنكه سه‌ربازییه‌كانی به هێزه‌كانی بیانی داوه بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی هه‌وایی بۆ سه‌ر داعش له عێراق و سوریا و هه‌روه‌ها زانیاریی هه‌واڵگریش ده‌داته هاوبه‌شه‌كانی له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرتی كۆنگرێس باس له هێرشه تیرۆریستییه‌كانی ساڵی رابردوو له ئوردن و بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌رانی سوریا له‌م وڵاته ده‌كات كه گوشارێكی زۆریان خستووه‌ته سه‌ر ئابووری ئوردن و پیكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م وڵاته و له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیش رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ناوچه‌یی بووه‌ته‌وه كه ده‌بنه هۆی ناسه‌قامگیری ناوخۆیی.