عێراق مانگێكی دیكەی خوێناوی بەڕێدەكات

تەنھا لە ماوەی یەك مانگدا 548 ھاووڵاتی سڤیل كوژراون

K24 - ھەولێر

 بە گوێرەی ئامارێك تەنھا لە مانگی رابردوودا 548 ھاووڵاتی سڤیل لە عێراق كوژراون.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عێراق (یونامی) ‏ئامارێكی لەبارەی قوربانیانی شەڕ و توندوتیژی لە مانگی رابردوودا لە عێراق بڵاوكردەوە، بە گوێرەی ئامارەكە لە دەرەنجامی کردەوە توندوتیژی و تیرۆرستی و پێکدادانی چەکداری کە  لە مانگی ئاداری ئەمساڵ واتا مانگی رابردوو، 548 ھاووڵاتی عێراقی کوژراون و 567 کەسی دیکەش برینداربوون‎.‎

‎ یونامی ئاماژەی بەوەداوە، ‎ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە مانگی کانوونی دووەم 543 کەسە، ھیچیان پۆلیس نین و بریندارە مەدەنیەکانیش ژمارەیان ‏‏561 کەسە.

لە ئامارەكەدا ئەوە روونكراوەتەوە، پارێزگای نەینەوا خوێناویترین پارێزگا بوو بە 541 قوربانی سڤیل، 367 کوژراو و ‏‏174 بریندار، لە دوای ئەو پارێزگای بەغدا دێت بە  84 کوژراو و 246 بریندار، دواتر ‌ پارێزگای سەڵاحەدین  ‏‏38 کوژراو و 68 بریندار. ‏