ئه‌و گازه خنكێنه‌ره‌ی له سووریا به‌كار‌هێنراوه یه‌كه‌مجار له هه‌ڵه‌بجه دراوه
K24 - هه‌ولێر:
به‌یانی زووی رۆژی سێ شه‌ممه، 4/4/2017 رژێمی سووریا، به گازی "سارین"ـی كوشنده هێرشی كرده‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری شاری ئه‌دلب، به دیاریكراویش گوندی "خان شیخون"و به‌و هۆیه‌وه 100 كه‌س كوژران و 400 كه‌سی دیكه برینداربوون.
ئه‌و گازه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پێ كوژرا، پێی ده‌ڵێن گازی "سارین".
گازی سارین چییه؟
له‌م راپۆرته‌دا هه‌ندێك زانیاری تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌و ماده كیمیاییه ده‌خه‌ینه‌روو.
سارین وه‌ك گازێكی كیمیایی كه كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له‌سه‌ر مێشكی مرۆڤ داده‌نێت، 20 جار له گازی "سیانید" به‌هێزتره.
گازی "سارین" له پله‌ی گه‌رمی ژوور‌دا ده‌گۆڕێت بۆ مادده‌یه‌كی شل، له‌و كاته‌شدا ئه‌و خواردن و ئاوه‌ی مرۆڤ ده‌یخوات ژه‌هراوی ده‌كات، ئه‌و ماده‌یه‌ش، نه ره‌نگی هه‌یه و نه‌بوون و نه تام و مرۆڤ هه‌ست به‌بوونی ناكات له ده‌وروبه‌ری.
ئه‌و ماده‌یه ده‌بێته هۆی خنكاندنی مرۆڤ و ده‌یكوژێت، به خێراییه‌كی زۆر له هه‌وادا بڵاوده‌بێته‌وه و له رووبه‌ری فراوانی ژینگه‌دا كاریگه‌ری ده‌بێت.
له نیشانه‌كانی به‌ركه‌وتنی گازی سارین، هه‌ستكردنه به چاوئێشه و ئازاری لووت و كه‌مبوونه‌وه‌ی بینین و سه‌رئێشه و هه‌ناسه‌ته‌نگی و عاره‌قه‌كردن و سكچوون.
سه‌ره‌تا ئه‌و گازه له ساڵی 1938 وه‌ك ماده‌یه‌ك بۆ كوشتنی مێروو و مێش و مه‌گه‌ز پێشخراوه، به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی به‌ركه‌وتنی مرۆڤیش به‌و ماده‌یه شوێنه‌واری زیانه‌كه‌ی پاش چه‌ند چركه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر له دۆخی شلیدابێت زۆر زووتر كاریگه‌رییه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت، له‌سه‌ر پێست و قوڕگ یان ئاوی خواردنه‌وه كاریگه‌رییه‌كه‌ی خێراتره.
كه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و گازه دژی مرۆڤ به‌كارهات؟
مێژووی به‌كارهێنانی ئه‌و گازه دژی مرۆڤ، ده‌به‌سترێته‌وه به جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران، كه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ماوه‌ی 8 ساڵ درێژه‌یكێشا، یه‌كه‌مجار رژێمی سه‌ددام حسێن، له 16/3/1988 به گازی سارین شاری هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بۆردوومانكرد، جگه له‌وه گازی دیكه‌شی به‌كارهێنا. به‌و هۆیه‌وه زیاتر له 5000 كه‌س شه‌هیدبوون و هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ش به‌ر ئه‌و گازه كه‌وتن.
له ساڵی 1995 به دیاریكراوی له 20ـی ئادار/ مارسی ئه‌و ساڵه‌دا، به گازی سارین هێرش كرایه‌سه‌ر وێستگه‌ی میترۆی شاری تۆكیۆی پایته‌ختی ژاپۆن، ئه‌و هێرشه‌ش له‌لایه‌ن گروپێكه‌وه‌كرا، كه ناویان " ئه‌وم شینریكیو" بووه و گرووپێكی ئایینین.
به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه 13 كه‌س كوژران، زیاتر له 6 هه‌زار كه‌سی دیكه هه‌ر یه‌كه و به جۆرێك تا ئێستا به‌ده‌ست شوێنه‌واری به‌ركه‌وتنیان به‌و گازه ده‌ناڵێنن، له كاتێكدا 22 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌دا تێپه‌ڕیوه.
له سووریاش یه‌كه‌مجار نییه به‌كاردێت.
هێرشه‌كه‌ی گوندی "خان شیخون" له شاری ئه‌دلب، یه‌كه‌مین هێرش نییه كه به‌و گازه خنكێنه‌ره كرابێته‌سه‌ر هاووڵاتیانی سووری.
له مانگی ئابی ساڵی 2013 دا رژێمی سووریا به مووشه‌كی هه‌ڵگری ئه‌و گازه هێرشیكرده سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا له "ئه‌لغوته"ـی رۆژهه‌ڵاتی دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا، به‌و هۆیه‌شه‌وه سه‌دان كه‌س كوژران.
چۆن خۆت له گازی سارین ده‌پارێزیت؟
له كاتی ته‌قینه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌ی گازه‌كه، پێتوابوو گازێكی نامۆ هه‌یه و هه‌ستت به سه‌ره‌تاكانی به‌ركه‌وتنت كرد، به زووترین كات له‌و ناوچه‌یه دووربكه‌وه‌ره‌وه و خۆت بگه‌یه‌نه ناوچه به‌رزاییه‌كان، چونكه گازی سارین له هه‌وا قورستره و ده‌نیشێته سه‌ر زه‌وی و له ناوچه نزماییه‌كاندا كاریگه‌ری ده‌نوێنێت و به‌رزنابێته‌وه بۆ شوێنه به‌رزه‌كان.
به زووی كراس و جلوبه‌رگه‌كانت له‌به‌رخۆت بكه‌ره‌وه، چونكه به جلوبه‌رگیشه‌وه ده‌نووسێت.
به زوویی جه‌سته‌ت به باشی به سابوون بشۆ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شوێنه‌وارێكی گازه‌كه به‌ر جه‌سته‌ت كه‌وتبوو، یان ده‌ستت به‌ر ئه‌و ماده شله كه‌وتبوو، زوو رزگاربیت له ده‌ستی.