كوردێك له بریتانیا به‌هۆی زیندانیكردنه‌وه قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر
په‌ناخوازێكی كورد له بریتانیا 27 هه‌زار پاوه‌ند وه‌رده‌گرێت له به‌رامبه‌ر زیندانیكردنی بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ.
پێگه‌ی The Sun بڵاویكرده‌وه به‌شار عه‌بدوڵڵا قه‌ره‌نی 36 ساڵی له ساڵی 2005 به نایاسایی چووه‌ته بریتانیا و زنجیره تاوانێكی وه‌ك دزی و هه‌ڵگرتنی چه‌قۆ ئه‌نجامداوه، به‌ڵام هێشتا رێگه‌ی پێدراوه له‌م وڵاته بمێنێته‌وه.
له ساڵی 2012 به تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ ده‌ستدرێژی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ حوكمدرا، به‌هۆیه‌وه پاش ئازادكردنی راسته‌خۆ دیپۆرت ده‌كرایه‌وه.
قه‌ره‌نی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له زینداندا مایه‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی بریتانیا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی نییه و ناتوانن ناسنامه‌كه‌ی پشتڕاست بكه‌نه‌وه، ناتوانن بۆ وڵاته‌كه‌ی دیپۆرت بكه‌نه‌وه.
دادگایه‌كی بریتانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه مافی ئه‌م په‌ناخوازه پێشێلكراوه، بڕیاریدا به 27 هه‌زار پاوه‌ند قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه به‌وه ده‌كات بۆ ماوه‌ی 11 مانگ به نایاسایی زیندانیكراوه.
له كاتێكدا قوربانییه‌كه‌ی ته‌نیا 7500 پاوه‌ند قه‌ره‌بوو وه‌رگرتووه.
په‌رله‌مانتار فلیپ هۆلبۆن، كه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای مافی مرۆڤ ده‌كات، ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا به گه‌مژانه ده‌زانێت.
ده‌زگای خێزخوازیی ده‌ستدرێژی، "ده‌نگ بۆ قوربانیان" راده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌م كه‌یسه پیشان ده‌دات ناهاوسه‌نگییه‌ك نێوان مافی ده‌ستدرێژیكاران و قوربانیاندا هه‌یه".