دیبالا هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات

ئێمە لە یاریگەی خۆمان یەکجار بەهێزین

K24- هەولێر

شەوی سێشەممە پاولی دیبالای 23 ساڵان هیوای پیرەژنە ئیتاڵییەکە دەبێت و هاندەرانی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لە بەرامبەر لیۆنێل مێسی، هیوایان بە مێسییەکەی خۆیان هەیە، بۆ ئەوەی تۆڵەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە بارسێلۆنا بکەنەوە و یانە ئیسپانییەکە لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بکەنە دەرەوە.

دیبالا کە لەم وەرزەی سێریا ئەی لە 20 یاری 8 گۆڵی کردووە و 6 گۆڵیشی دروستکردووە، بۆیەکەمجار رووبەڕووی مێسی دەبێتەوە لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات و بە متمانەیەکی زۆرەوە دەڵێت دۆخی ئێستای ئێمە زۆر لە دۆخی بارسێلۆنا باشترە و پێیوایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا.

دیبالا کە هەمیشە لەلایەن هاندەرانی ئارجێنتیناوە بە مێسییەکەی دیکە ناوزەد دەکرێت، رەتیدەکاتەوە ئەو خۆی بە مێسی بچوێنێت و دەڵێت من دیبالام، نەوەک مێسی.

دیبالا کە لەوەتەی ساڵی 2015 لە ریزی یۆڤی یاریی دەکات، سەرسامی خۆی بە یاریکردنی بارسێلۆنا رادەگەیەنێت، بەڵام لە دیمانەکەی مارکادا دەڵێت، بارسێلۆنا دەیەوێت برینی دۆڕانەکەی مەلەگە تیمار بکات، بەڵام کوڕە ئارجێنتینییەکەی تۆرین هۆشداریی دەداتە مێسی و هاوڕێیەکانی و دەڵێت ئێمە لە یاریگەی خۆمان یەکجار بەهێزین، بەڵینیش دەدات ئەگەر گۆڵی لە بارسا کرد، بە شێوازە بەناوبانگەکەی خۆی ئاهەنگ بگێرێت و هێما بۆ ماسکی دەموچاوی بکات.

یارییەکەی شەوی سێشەممە بۆ ئارجێنتینییەکان تایبەت دەبێت، چونکە مێسی و جێنشینی مێسی لە پێناوی سەرکەوتن رووبەڕوو دەبنەوە.

یۆڤێنتۆس لە هەژماری فەرمی خۆی لە یوتیوب ڤیدیۆیەکی هاندانی لەبارەی یارییەکەی بارسێلۆنا بڵاوکردووەتەوە